بەرپرسێكی پێشووی یەکێتی: پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیی هیوا ئەجێندای عەرەبە شۆڤێنییەكان جێبەجێ دەکەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەرپرسێكی پێشووی یەکێتی: پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیی هیوا ئەجێندای عەرەبە شۆڤێنییەكان جێبەجێ دەکەن

”ئەوانەی پۆستێک وەردەگرن جگە لە پارتی، حزبەکەی خۆیان جێدێڵن تا لە پۆستەكانیان بمێننەوە“

بەرپرسێكی پێشووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رای دەگەیەنێت كە پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیی هیوا (١٥ پەرلەمانتاری نەیاری هەرێمی كوردستان پێكیان هێناوە) ئەجێندای عەرەبە شۆڤێنییەكان جێبەجێ دەكەن.
ئەحمەد قەدەفەری، جێگری پێشووی بەرپرسی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی گرووپی ھیوایان دامەزراندووە، ”ڕەنگە خۆیان بڵێن کار بۆ بەرژەوەندییەکانی خەڵكی دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان ئەجێندای عەرەبی شۆڤێنی جێبەجێ دەکەن، چونکە بەغدا ھەموو ھەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی کورد لە نێو خۆیدا یەکگرتوو نەبێت، بێگومان عەرەبی شۆڤێنی ئێستا خۆشحاڵە بەوەی ئەو پەرلەمانتارە کوردانە گرووپی ھیوایان پێکھێناوە، چونکە عەرەب سوود لە دابەشبوونی کورد دەبینێت“.
لەبارەی پەیوەندیی ئەو پەرلەمانتارانەشەوە بە حزبەكانیانەوە، قەدەفەری بۆ (باسنیوز) گوتی: ”کێشەکە ئەوەیە ھەر کەسێک پۆستێک وەربگرێت، جگە لەوانەی پارتی، چونکە ئەوان پابەندیی بە حزبەکەیان بەھەند وەردەگرن، ئەوانی دیکە بە دوای بەرژەوەندیی خۆیاندا دەگەڕێن و دەڕۆنە ناو حزبێکی دیکەوە بۆ ئەوەی لەو جێگەیەی خۆیان بمێننەوە“.
جەختیشی كردەوە: ”ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی جیا بوونەتەوە، ناتوانن ھیچ بۆ گەلی کورد بکەن، تەنیا بەدوای بەرژەوەندیی خۆیاندا دەگەڕێن“.
بە پێویستیشی زانی، کورد لە هەڵبژاردنی داهاتوودا یەكگرتوو بێت، بۆ ئەوەی پێگەی لە بەغدا لاواز نەبێت، ”ئەگەر لە هەولێر و سلێمانی و دھۆک ھێز و لایەنە سیاسییەکان یەکگرتوو نەبن، ھەروەھا لە ناوچە كوردستانییەكان یەکگرتوو نەبین، ئیتر باشترە فاتیحایەک بۆ خۆمان بخوێنین، بۆیە تەمەنا دەکەم ھەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەم ھەڵبژاردنەدا تەبا و یەكگرتوو بن“.