ڕۆیتەرز: گرانیی نرخی خۆراك لە توركیا بارگرانییەکی گەورەیە لەسەر هاووڵاتییان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ڕۆیتەرز: گرانیی نرخی خۆراك لە توركیا بارگرانییەکی گەورەیە لەسەر هاووڵاتییان

ئاژانسی (رۆیتەرز) لە راپۆرتێكدا باسی لە گرانیی نرخی خۆراك لە توركیا کردووە، هەروەها باسی لە خراپیی رەوشی ئابووریی هاووڵاتییانی توركیا كردووە. رۆیتەرز دەڵێت نرخی خۆراك بە جۆرێك گران بووە، هاووڵاتییان هەرچییان هەیە بە برنج و ماكەرۆنی دەدەن و بۆ مانگێكی تر هەڵی دەگرن، دەترسن نرخەكەی گرانتر بێت.

حوسێن دوران هاووڵاتییەكی تەمەن ٤٣ ساڵی توركیا ئاماژە بەوە کردووە بە هیچ شێوەیەك جلوبەرگی ماركە ناكڕن، تەنیا ئەو شتانە دەكڕن كە زۆر پێویستن، چونكە داهاتی مانگانەیان ئەوەندە كەمە بەشی ژیانیان ناكات.

ئەو دەڵێت: "كاتێك سەیری منداڵەكانم دەكەم ئازار دەكێشم، چونكە ناتوانم هیچ شتێكیان بۆ بكڕم، پارەكەم تەنیا بەشی كرێی خانوو و خۆراك دەكات".

لە ڕاپۆرتەکەی رۆیتەرزدا باس لەوەش کراوە توركیا لە ریزبەندیی دووەم وڵاتە لە جیهاندا لەڕووی گرانیی نرخی خۆراكەوە و ئەرژەنتینیش یەكەمە.

لە ٢٠٢٠دا نرخی خۆراك لە توركیا٢٠٪ زیادی كردووە، بەڵام لە ئەرژەنتین٤٠٪ زیادی كردووە، واتە توركیا لەڕووی گرانیی نرخی خۆراكەوە لە دوای ئەرژەنتین دێت.

شارەزایانی بواری ئابووری لە توركیا پێیانوایە، یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە خۆراك گران بێت، بێبایەخیی بەهای لیرەی توركییە بەرامبەر بە دۆلار، چونكە لە ٢٠٢٠دا، لیرەی توركی٣٠٪ بەهای خۆی لەدەست داوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر نرخی خۆراك دەبێت.

ئافرەتێكی تەمەن ٣١ ساڵ بە ناوی پنار دەڵێت: "هەر كاتێك بۆ كڕینی خۆراك دەچمە بازاڕ، زەمبیلەكەم كێشی سووكتر دەبێت، بەڵام پارەی زیاتر خەرج دەكەم. ترسیشم هەیە لە داهاتوودا ئەو كارەی هەمە لە دەستی بدەم، بەمەش زیاتر زەلیل دەبین".

رۆیتەرز لە راپۆرتەكەیدا نووسیویە: "لە توركیا كەم هەڵگرە و پارەی زۆر بدە بووەتە كێشەیەكی گەورەی هاووڵاتییان".

دەزگای راپرسیی (مێترۆپۆل) لە توركیا، لە راپرسییەكدا لەگەڵ هاووڵاتییانی توركیا لەبارەی رەوشی ئابووری، بڵاوی كردووەتەوە ٨٠٪ی هاووڵاتیان بڕوایان بە هەڵاوسانی ئابووری نییە، پێیان وایە هەبوونی گەندەڵیی توركیای گەیاندووەتە ئەو رۆژە.