دەزگاى گشتیى کاروبارى مین لە هەرێمى کوردستان ڕای گەیاند لە ساڵى ٢٠٢٠دا بەهۆی تەقینەوەی مینەوە١٠ هاووڵاتى لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەست داوە و ٨ى دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی١ی٢٠٢١ لە پرێس کۆنفرانسێکدا جەبار مستەفا ڕەسووڵ، سەرۆکى دەزگاى گشتیى کاروبارى مین لە هەرێمی کوردستان گوتى: "لە ساڵى ٢٠٢٠دا بەگشتى ٣٦٠ هەزار و ٦٩٦ مەتر دووجا زەوی لە هەرێمى کوردستان لە مین پاک کراونەتەوە و هەزار و ١٧٢ مین لەناو براون کە هەزار و ١٥١یان دژە کەسی بوون و ٢١یان دژە تانک بوون، هەروەها ٧ هەزار و ٣٠٠ پارچە تەقەمەنی و ١٧ کەرەستەى تەقەمەنى بە شێوەی سەرپێی لەناو براون".
گوتیشی: "هەر لەو ساڵەدا چوار کێڵگەى مین پاک کراونەتەوە و ٢٧ کێڵگەی مینیان ڕادەست کراوە کە یەک ملیۆن مەتر دووجا زیاترە، چوار خولى ڕاهێنیانیان کردووەتەوە و ٢٣ هەزار و ٣٠٦ هاووڵاتى لێی سوودمەند بوون و ٣٦١ جاریش لەلایەن ڕیکخراوەکانەوە سەردانى کارەکانى دەزگاى مین کراوە و ١٣ مۆڵەتیش بۆ ڕیکخراو و کۆمپانیاکان تازە کراوەتەوە".
لەبارەی قوربانییەکانی مینەوە لە ساڵى ٢٠٢٠دا بەپێی قسەکانى سەرۆکى دەزگاى مین،١٠ هاووڵاتى گیانیان لەدەست داوە و ٨ى تریش بریندار بوون.
هەروەک سەرۆکی دەزگاکە ئاماژەى بۆ کرد کە لە ساڵى ١٩٩١وە تاکوو ئێستا ١٣ هەزار و ٥٠٠ هاووڵاتى لە کوردستان بەهۆی مینەوە بوونەتە قوربانى.
هاوکات ڕوونیشی کردەوە کە بەپێی ڕووپێویى حکوومەتى عێراق، ٧٧٠ کلیۆمەتر چوارگۆشەی زەوی لە کوردستان کوردستان مینى تێدا بووە و ئێستا ٢٦٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەى زەوى لە کوردستان مینیان تێدا ماوە، بەڵام قەیرانى دارایی کاریگەریى کردووەتەوە سەر چالاکییەکانى پاککردنەوەى زەوییەکان لە مین.