ئەندامێکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند بەهۆى ناکۆکیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانەوە پەسەندکردنى پڕۆژە یاساى بودجەى ساڵى 2021ى عێراق دوادەکەوێ.
هەدار زوبێر بارزانى، بە(باسنیوز) ى راگەیاند: "بە هۆى بوونى ناتەبایی و ململانێیەکى زۆر لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانى گۆڕەپانى سیاسى عێراق،ئەمڕۆ ناکۆکییەکان قوڵبوونەتەوە و رەنگدانەوەیان بەسەر زۆربەى بوارەکاندا هەبووە، بەتایبەت لەسەر بابەتێکى گرنگ و هەستیارى وەکو پڕۆژە یاساى بودجەى 2021ى عێراق".
راشیگەیاند: "دواى خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژە یاساى بودجە، ناکۆکیی نێوان فراکسیۆنەکان قوڵتر بوونەوە،بەجۆرێک زۆربەى لایەن و کوتلەکان لە پشکى خۆیان رازى نین نەک تەنیا کورد بەڵکو ئەو بڕگانەشى کە پەیوەستن بە پشکى پارێزگا سوننە نشینەکان و چەند وەزارەتێکیش گلەییان لە بەرکەوتەى وەزارەتەکەیان هەیە".
ئاماژەى بە ئەوەش کرد" بەهۆى بەهێزى ناکۆکییەکان پێدەچێت پەسەندکردنى پڕۆژە یاساى بەدجەى 2021ى عێراق دوابکەوێت، ئەمە لەکاتێکدایە بەپێى یاسا 3ى شوبات دوایین وادەیە بۆ پەسەندکردنى پڕۆژە یاساکە، فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش بەیەک دەنگ و یەک هەڵوێست بەگرى لە پشکى هەرێمی کوردستان دەکەین".