سەدا مستەفا، خانمە نووسەرێکی دانیشتووی قەڵادزێیە و ماوەی پێنج ساڵە شیعر دەنووسێ، دەڵێ" سەرچاوەی هۆنراوەکانم زۆر جار ئیلهامە و زۆر جاریش لە بینینی ژیان و ئازارەکانی خەڵکەوە سەری هەڵداوە".
سەدا، تەمەن 20 ساڵ، بۆ (باسنیوز) گوتی: "لە دایکبووی شاری قەڵادزێم و بۆ ماوەی پێنج ساڵە دەستمکردووە بە نووسینی شیعر و توانیم بە سەرکەوتوویی بەشداری فێستیڤاڵی خەڵاتی ڕوانگە بکەم پلەی سێیەمم بەدەستهێنا".
گوتیشی: "زیاتر شیعری ئازاد دەنووسم و ئەوەی دەینووسم هزر و بیری خۆمە و هەر شتێک سەرنجم ڕابکێشێت شیعری لەسەر دەنووسم، زۆر جاریش ئیلهامم بۆ دێت، تا ئێستاش کەسم نەکردووەتە قوتابخانەی هۆنراوەکانی خۆم و سەرچاوەی هۆنراوەکانیشم لە بینینی ژیان و ئازارەکانی خەڵکەوە سەریهەڵداوە و تەنیا خۆشم هاوکاری خۆمم".
سەدا دەشڵێت: "هەموو نووسینەکانم بە لای خۆمەوە تایبەتن، چونکە هەر یەکێکیان شان بە شان و هاوخەمێ کەسەکانن، بەڵام تا ئێستا هیچ نامیلکەیەک یاخود هیچ ئەزموونێکی شعریم بڵاو نەکردۆتەوە و ئومێد دەکەم لە داهاتوودا بتوانم بەرهەمی بڵاوکراوەی خۆمم هەبێت".
ڕاشیگەیاند: "بوون بە شاعیر بۆ خانمان کارێکی قورس نییە، چونکە هەردوو ڕەگەز شان بە شانی یەکتر کار دەکەن لە هەر بوارێکی ژیان دا و دەتوانن هەرشتێک ئارەزوویان بێت سەرکەوتووبن تیایدا و نووسینیش دەتوانێت ببێت بە پیشە بۆ شاعیر و لێرەوە پەیامم ئەوەیە بۆ خانمان پێیان دەڵێم ئەگەر هەوڵ بدەن بەدڵنیاییەوە دەگەن بەوەی دەیانەوێت".