سەرکردەیەکی کورد: بوونی پەکەکە لە سووریا و عێراق لە دیدی هەمووانەوە هۆکارێکی نەرێنییە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەرکردەیەکی کورد: بوونی پەکەکە لە سووریا و عێراق لە دیدی هەمووانەوە هۆکارێکی نەرێنییە

“پەکەکە لێکتێکگەیشتنی هەولێر و بەغدا تێک دەدا و تەگەرە دەخاتە بەردەم پرۆسەی گفتوگۆی کوردانی ڕۆژئاوا”

سەرکردەیەکی کوردی سووریا جەختی کردەوە، ئیدارەی نوێی ئەمەریکا هەڵوێستێکی جدیی دەبێ لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی سیاسی لە سووریا و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، بوونی پەکەکە لە سووریا و عێراق، لە دیگای هەمووانەوە هۆکارێکی نەرێنییە. ئاماژەی بەوە دا، پەکەکە تەگەرە دەخاتە بەردەم گفتوگۆی کورد لە رۆژئاوای کوردستان.

مستەفا جومعە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا (یەکێک لە حزبەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سووریا ENKS)، بۆ (باسنیوز) گوتی: ”بوونی پەکەکە لە سووریا و عێراق، لە دیدی هەمووانەوە هۆکارێکی نەرێنییە، بەتایبەتی کە پەیوەندیی بە ئەجێندای وڵاتانی داگیرکەری کوردستانەوە هەیە و لە بەرەی دوژمنانی کورد کار دەکا و شان بەشانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەنگاو دەنێ”.

گوتیشی: “پەکەکە هەوڵی تێکدانی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەدا سەبارەت بە شنگال، هەروەک چۆن تەگەرە دەخاتە بەردەم گفتوگۆی لایەنە کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان”. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: “ئیدارەی نوێی ئەمریکا هەڵوێستێکی جدیی دەبێ لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی سیاسی لە سووریا و کردنەوەی گرێکوێرەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق”.

ئەو سەرکردە کوردە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “ئەمریکا وڵاتێکی گەورەیە و دیدگای سیاسیی خۆی هەیە لەسەر ئاستی جیهان، هەروەک چۆن ستراتیژێکی گشتیی بۆ سەرجەم دۆخی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی لەبەرچاو دەگرێ، هەروەها لەپێشینەوەی کارەکانیشی گرنگیی سیاسییانەیە سەبارەت بە هەر کێشەیەک”.

دەشڵێ: “لێرەوە، ئیدارەی ئەمریکا، کۆماری بێت یان دیموکرات، بەر لە هەر شتێک، بەپێی بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەمریکا تەماشای رووداوەکان دەکا، هەروەها پەیوەندیی دبلۆماسی و ئابووری و ئەمنیشی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، هەڵەبەتە ئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر پەیوەندیی لەگەڵ هێز و ئیدارە نوێیەکان هەیە لە ناوچەکە، سەرکەوتنی ئەو هەوڵ و تێڕوانینانەش ئەکەوێتە سەر ئەوەی تا چەند زەمینەی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی لەبار دەبێ”.

جەختیشی کردەوە: “ئەمریکا بەردەوام دەبێ لە وەستان دژ بە نەخشە و پلان و ئامرازەکانی ئێران و دەستوەردانەکانی لە سووریا و وڵاتانی دیکە لە ناوچەکە، چونکە بوونی سەربازیی ئێرانی لە زیاتر لە شوێنێک، رەنگدانەوەی نەرێنی دەبێ بەسەر چارەسەری سیاسییانەی کێشە و تەنگژەکان لە ناوچەکە، لەناویشیاندا سووریا، هەروەها بوونی پەکەکە لە شنگال، دژی بۆچوونی سیاسەتەکانی ئەمریکایە”.

جومعە گوتیشی: “تا ئێستا کەس نازانێ ئیدارەی نوێی ئەمریکا سەبارەت بە چەندین کێشەی پەیوەست بە دۆخی سووریا چۆن هەڵسوکەوت دەکا، کە بڕیار وایە چوارشەمەی ئەم هەفتەیە دەسەڵات بگرێتە دەست، هەژموونی ئۆپۆزسیۆن و ئەجێندای وڵاتانی هەرێمایەتی و دەستوەردانیان لە کاروباری سووریا، رۆڵیان هەیە، بەوپێیەی وڵاتانی هەرێمایەتی لەپشت بەردەوامبوونی کێشە گەورەکانی ناوچەکەدان، بەڵام بێ گومان ئەمریکا دیدگا و پلانی خۆی بۆ هەموو ئەو کێشانە هەیە، جا ئەگەر حەز بکا دۆخی سووریا بگات بە چارەسەری سیاسی، ئەوا پێویستە سەرەتا ئەو ئامراز و داردەستانە دەستنیشان و دوور بخاتەوە”.

ئەو سەرکردە کوردە سیاسییە وای دەبینێ: “پێویستە سەرەتای کاری ئیدارەی نوێی ئەمریکا پشت بە قۆناغەکانی ئۆباما و ترامپ ببەستێ و بگەڕێتەوە بۆ بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە 2254 و بنەماکانی جنێف و کاراکردنەوەی پێداویستییەکانی، چونکە هەر چارەسەرێکی سیاسی لەدەرەوەی ئەم دیدگایە، بە قازانجی مانەوەی رژێمی دکتاتۆرییە، ئەگەر بە ناو و شێوەی دیکەشەوە بێ”.

سەبارەت بە گفتوگۆکانی کوردی سووریاش، جومعە گوتی: “پێم وایە گفتوگۆکان بەردەوام دەبن، بەتایبەتی گەیشتنی لایەنە کوردەکان بە گوتارێکی سیاسیی هاوبەش، هەڵوێستی دانوستانکاری کورد بەهێز دەکات و لەداهاتوودا هاوکار ئەبێ بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی گونجاو لە سووریا”.

لەکۆتاییدا مستەفا جومعە داوای لە لایەنەکانی دانوستانکاری کورد کرد: “قۆناغی سیاسیی نوێ بە دیدگای جیاوازەوە بخوێننەوە و زەمینەیەکی لێکتێگەیشتنی ناوخۆیی فەراهەم بکەن، چونکە دۆخی سووریا تا سەر هەر بەم شێوەیە نامێنێتەوە، مافەکانی گەلەکەشمان پەیوەستن بە هێزی یەکێتییەکەمان و کارایی دیدگای سیاسیمان لە قۆناغی ئێستا و داهاتوودا”