ئایا ئەنفلەوەنزای باڵندە لە عێراق مەترسیی بۆ سەر مرۆڤ هەیە؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئایا ئەنفلەوەنزای باڵندە لە عێراق مەترسیی بۆ سەر مرۆڤ هەیە؟

“60 هەزار حاڵەتی ئەنفلەوەنزای باڵندە لە پارێزگای سەڵاحەدین تۆمار کراوە”

مەئموون ئالکیلدار، پزیشکی ڤێرتەرنەری لە پارێزگای سەڵاحەدین جەخت دەکاتەوە، ئەنفلەوەنزای باڵندەی دۆزراوە لە پارێزگاکە هیچ مەترسیی بۆ سەر گیانی مرۆڤ نییە، بەڵام زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە و کاریگەریی لەسەر پەلەوەر و باڵندەکان هەیە.

ئالکلیدار بۆ (باسنیوز) روونی کردەوە: “ڤایرۆسە دۆزراوەکە لە جۆری (H5N8)ە و بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە، لەناو 20 جۆریاندا تەنیا دوو جۆریان بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە، ئەوانیش (H7N9) و (H5N1)ن، کە لە تاقیگەکانی بەغدای پایتەختدا دەستنیشان کراون”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “ئەو ناوچەیەی ڤایرۆسەکەی تیادا دۆزراوەتەوە، ناوچەیەکی سوورە و قەدەغەیە باڵندە و پەلەوری لێ بهێنرێتە دەرەوە، یان بفرۆشرێ، یان هێلکەکانیان بفرۆشرێ، بۆ ئەوەی رێ لە گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ پارێزگاکانی دیکە بگیرێ، بۆ ئەم مەبەستەش، رێوشوێنی زۆر توند لەلایەن دامەزراوەی تەندروستی و کشتوکاڵ و ڤێرتەرنەریدا گیراونەتە بەر”.

تیمەکانی پزیشکیی ڤێرتەرنەری لە پارێزگاکانی کەرکووک و دیالا، لە دوێنێوە دەستیان کردووە بە پشکنین و گەڕان، بۆ ئەوەی هەر حاڵەتێکی ئەنفلەوەنزای باڵندە لە کێڵگە پەلەوەرییەکان هەبێ تۆماری بکەن، دوای ئەوەی هەزاران حاڵەتی تووشبوویان لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی پارێزگای سەڵاحەدین تۆمار کرد.

خالید محیەدین، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڤێرتەرنەری لە کەرکووک گوتی: “دوای ئەوەی ئەو پەتایە لە شاری سامەڕای سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین تۆمار کرا، نەخۆشخانەی گشتی لە بەغدا فرمانی بە پشکنینی زیاتر و گەڕان بەدوای مریشکی تووشبوودا کردووە، بۆ ئەوەی رێ لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە بگیرێ”.

لای خۆیەوە، مەحموود ئەلشەمەری، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڤێرتەرنەری لە دیالا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، 20 لیژنە لە یەکەی پەتاکان لە نەخۆشخانە ڤێرتەرنەرییەکان لە پارێزگاکە پێکهێنراون، بۆ ئاشکراکردن و تۆمارکردنی هەر حاڵەتێکی ئەنفلەوەنزای باڵندە، ئەگەر لە کێڵگە پەلەوەرییەکان سەر هەڵبدا.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، عەماڕ ئەلجبووری، پارێزگاری سەڵاحەدین، رۆژی هەینیی رابردوو رای گەیاند، 60 هەزار حاڵەتی ئەنفلەوەنزای باڵندە لە پارێزگاکە تۆمار کراون و بە شێوەیەکی خێرا شانەیەکی تەنگژەکان بۆ گەمارۆدانی پەتایەکە پێکهێنراوە، وەزارەتی کشتوکاڵیش رای گەیاندووە، توانیویانە بەسەر مۆڵگەی تووشبووندا زاڵ ببن.