ئەمڕۆ یەكشەممە جارێكی تر بەرپرسێكی سیاسیی پارێزگای بەسرای دەوڵەمەند بە نەوت لە باشووری عێراق پرسی راگەیاندن و دامەزراندنی هەرێمی فیدراڵی زیندوو كردەوە و رایگەیاند بۆ ئەوەیانە بەشداری لە بڕیاری سیاسیدا بكەن و چیتر پشتگوێ نەخرێن.
سەباح بەزوونی سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرا لە لێدوانێكیدا بۆ (باسنیوز) رایگەیاند پارێزگاكەیان نیازی وایە ببێت بە هەرێمێكی فیدراڵی، تا بتوانێ بەشداری لە بڕیاری سیاسییدا بكات و وەكو هەرێمی كوردستانی لێ بێت، تا پشتگوێ نەخرێت.
بەزوونی گوتی هەرێمی كوردستان بەر لە ئامادەكردنی بودجەی گشتی لەلایەن حكوومەتی فیدراڵییەوە، شاندێكی ناردە بەغدا لەپێناو شیكردنەوەی بابەتی بودجەی گشتی و یەكلاكردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان، ئەمەش مافێكی یاسایی و سرووشتییە، پارێزگای بەسراش هەمان مافی دەوێت، تا چیتر پشتگوێ نەخرێت و مافی نەخورێت.
سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرا ئەوەشی گوت كە تاكە ڕێگەچارە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم پرسە، سندوقەكانی دەنگدانە.
هەروەها رەتی كردەوە كە داواكردنی هەرێمی فیدراڵی بۆ بەسرە تەنها بە مەبەستی دابینكردنی ئابوورییەكی باشتر بێت، بەڵكو ئەوان دەیانەوێ بەشدارییەكی كاراتریان هەبێت لە بڕیاری سیاسیی عێراقدا و دەیانەوێ دەنگی بەسرا ببیسترێت.