كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 17/01/2021

چاو لە كامیان بكەین؟ بەسرا یان ناسرییە یان بەغدا؟

ئەندامێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ھەموو پارێزگاكانی عێراق لە دەرەوەی ھەرێمی كوردستان بە لامەركەزی بەڕێوە دەچن، بۆیە حزبەكەی داوای كردووە لە ھەرێمی كوردستانیش لامەركەزی جێبەجێ بكرێت.

ئەگەر ئەو ئەندام پەرلەمانە پارێزگاكانی عێراقی نەكردایە بە نموونە یەك وشەم لەسەر ئەم بابەتە نەدەنووسی، چونكە جێبەجێكردنی لامەركەزیی ئیداری خۆی بەشێكە لە بەرنامەی كار و پلانی ئەم كابینەیەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بەشێوەیەك كە لە لامەركەزیی ئیدارییەوە نەپەڕێتەوە بۆ لامەركەزیی سیاسی و نەبێتە سەرەتایەك بۆ ھەڵوەشاندنەوە و پووكانەوەی قەوارەی دەستووریی ھەرێمی كوردستان كە ھەر جارە و لەژێر ناوێك و ھەر جارە و بە پاساوێك بانگەشەی بۆ دەكرێت، جارێك بە ناوی دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەلایەن حكوومەتی عێراق و جارێك بە ناوی دروستكردنی ھەرێمی سلێمانی!

خۆی دەبوایە ھەر ئەندام پەرلەمانێك پێش ئەوەی ببێتە ئەندامی پەرلەمان، جگە لە ھۆشیاریی یاسایی، دەستووری عێراقیشی بە شیكردنەوە و لێكدانەوەی قووڵی گشت مادە و بڕگەكانی ھەرس بكردایە، یان لانی كەم پێش ئەوەی لێدوان لەسەر ھەندێك بابەتی سیاسی و دارایی و ئیداری بدات، سەعیەكی لە دەستووردا بكردایە ئینجا لێدوانی بدایە، بۆ ئەوەی باش ئاگاداری دەسەڵاتەكانی ھەر یەك لە ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق وەك حكوومەتێكی فیدراڵی و ئینجا دەسەڵاتی ئەو پارێزگایانەی عێراق بوایە كە لە چوارچێوەی ھەرێمدا خۆیان ڕێك نەخستووە، بەڵام ئیتر چی لە زەمانە دەكەیت؟ كە ھەروەك چۆن زۆر شتمان نائاساییە، زۆر ئەندام پەرلەمانیشمان نائاسایین! تۆ واز لە ھەموو ئەوانەش بھێنە، بەڵام ئایا پارێزگاكانی عێراق ھی ئەوەن بیانكەیت بە نموونە بۆ ئەوەی ھەرێمی كوردستان چاویان لێ بكات؟ باشە:

1- ئەوە بەسرا بە لامەركەزی بەڕێوە دەچێت، بۆیە ئەوەندە حاڵی جوانە كە نەخۆشیی شێرپەنجە خواردوویەتی و ئاوی پیس دەخۆنەوە و نزیكەی نیوەیان یان بێكارن یان لەژێر ھێڵی ھەژاریدا دەژین، واتە لانی كەمی پێویستیە بنەڕەتیەكانی ژیانی ڕۆژانەیان پێ دابین ناكرێت؟ ئایا پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان چاو لەم لامەركەزییەی بەسرا بكەن؟

2- ئەوە ناسرییە بە لامەركەزی بەڕێوە دەچێت، بۆیە ئەوەندە حاڵی جوانە كە خەریكە وەك بەرنامەی ھەفتانەی لێ دێت و ھەر ھەفتەی چالاكوانێكیان لێ دەكوژرێت یان لێ دەڕفێنرێت و بێسەروشوێن دەكرێت؟ ئایا پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان چاو لەم لامەركەزییەی ناسرییە بكەن؟

3- ئەوە بەغدای پایتەختی وێرانە بە لامەركەزی بەڕێوە دەچێت، بۆیە ئەوەندە حاڵی جوانە و پڕ بووە لە دەستە و گرووپی دز و بكوژ و مووشەكھاوێژ و یەك كەسیش لە ھەرەمی سەرەوەی داوودەزگاكانی دەوڵەتدا بە سەركۆمار و سەرۆكوەزیرانیشەوە، دەسەڵاتی بەسەریاندا ناشكێت مەگەر ھەر ئەوەندە بڵێن كە چەكی مونفەلیت واتە لەدەست دەرچوو ھەیە و دەبێت گشت چەكەكان لە دەستی دەوڵەتدا كۆ بكرێنەوە و ھەر جارێكیش ئەم لێدوانانە دەدەن، ھەروەك تەحەدای سەركۆمار و سەرۆكوەزیران، زرم! كۆمەڵێك مووشەك ئاراستەی ناوچەی سەوز دەكەن!

جا ئایا پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان چاو لەم پایتەختی دزی و وێرانەیە بكەن؟ ئەی ئایا پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان چاو لە لا مەركەزییەكەی مووسڵ بكات یان ڕومادی یان باقووبە یان تكریت كە وەك ئەوە وەھان ھەر ھەموویان لە كەمپی ئاوارەكاندا بژین بەڵام كەمپی شێوە زیندانێكی ڕۆژھەڵاتیانە! باسی كەركووك ناكەم چونكە بەڕێوەبردنی كەركووك لە دوای خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە، ڕووی باس و ڕووی مەجلیسی نەماوە!