كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لەبارەی وەرگرتنى باج لە ئۆتۆمبێل ڕوونکردنەوە دەدرێ

بەڕێوەبەری گشتیی باج لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا باج دەخاتە سەر ئۆتۆمبێله گرانبەهاکان و ئۆتۆمبێلی ئاسایی ناگرێتەوە.

د. كەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باج لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "سەبارەت بە باجی سەر ئۆتۆمبێل دەمەوێ دڵنیایی بە هاووڵاتییانی كوردستان بدەم، ئەو باجە تەنیا ئۆتۆمبێلە گرانبەهاكان دەگرێتەوە، نەك ئۆتۆمبێلی ئاسایی، كە زۆرینەی خەڵك لە هه‌رێمى كوردستاندا هەیانە".

ڕوونیشی کردەوە، بۆ باجی سەر ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان، ڕێنوێنی دەردەکرێ، گوتیشی: "بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، لە ڕێگەی لێژنەیەک ڕێنوێنى بۆ پرسی وه‌رگرتنى باج لە تۆتۆمبێل دەردەکرێ، لە ڕێنوێنییه‌كه‌دا پێوەری باج بۆ ئۆتۆمبێلی گرانبەھا دیاری دەکرێت، ڕەچاوی دۆخی خەڵک دەکرێ و ئۆتۆمبێلی خەڵکی هەژار و مامناوەند ناگرێتەوە".

د. كەمال وەرتی جەختی له‌وه‌ش کردەوە، وەرگرتنی باج لە ئۆتۆمبێل لە زۆربەی وڵاتانی جیهان هەیە و ئەم جۆرە باجە وەردەگیرێ.

هەفتەی ڕابردوو حكوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بڕیاری بۆ ڕێکخستەوەی باج و پابەندکردنی کۆمپانیاکان بۆ دانی باج دەرکرد.

بەڕێوەبەری گشتیی باج لە وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو بڕیارانەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان دەریکردوون، زیادكردنی باجی تێدا نییە، تەنیا رێكخستنەوەی وەرگرتنی باج و پابەندکردنی کۆمپانیاکانی تێدایە.