كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بازرگانێکی ئۆتۆمبێل: بە هۆی کێشەکەی سلێمان هەڵشۆییەوە مامەڵەی ئۆتۆمبێل لە راپەڕین زۆر کەم بووەتەوە

بازرگانێکی ئۆتۆمبێل لە سنووری ڕاپەڕین ئاشکرای دەکات، لە پاڵ هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنادا مامەڵە و کێشەکەی سلێمان هەڵشۆیی بازاڕی پێشانگاکانی ئۆتۆمبێلی بە ڕادەیەک بەرچاو لە سنوورەکە کەم کردووەتەوە.

دانا سۆفی، بازرگانی ئۆتۆمبێل لە ڕانیە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی کردە سەر لاوزبوونی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل، بە تایبەت لە سەردەمی ڕاگەیاندنی کەرەنتین بازاڕی ئۆتۆمبێل بە تەواوی شکا و نرخی ئۆتۆمبێل 1000 تاوەکو هەزار و 500 دۆلار دابەزی، هەروەها لە پاش ئایاری 2020 لەگەڵ هاتنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل2020 زیاتر کاریگەری کردە سەر خاوبوونەوەی بازاڕەکە، دوا بەدوای ئەوەش مامەڵە و ئاشکرابوونی کێشەی سلێمان هەڵشۆیی کاریگەرییەکی زۆری نەرێنیی کردە سەر بازاڕەکە و هاووڵاتییەکی زۆر لەو مامەڵەیەدا مایەپووچ بوون و ئۆتۆمبێلیان بەخشی، بەو هۆیەشەوە بازاڕی پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لە راپەڕین زۆر کەم بووەتەوە".

گوتیشی: "بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر نین بۆ نرخی ئۆتۆمبێل لەبەر ئەوەی پشت بە بازاڕەکانی دەرەوەی وڵات دەبەستێت، دەتوانین بڵێین ساڵی 2020 ساڵی قست و قەرز بوو بۆ ئۆتۆمبێل، تەنانەت هاووڵاتی هەبووە سێ ئۆتۆمبێلی لە پێشانگاکەم کڕیوە تەنیا یەک ئۆتۆمبێلی بۆ پێویستی خۆی بووە ئەوانی تری بۆ دانەوەی قست و قەرزەکانی بووە".

لای خۆیەوە شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر سلێمان هەڵشۆیی بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 1000 سکاڵا لە دژی ناوبراو تۆمار کراوە، هەر بۆیە نەمانتوانیوە بە وردی گوژمەی پارەکە دیاری بکەین و لە لێکۆڵینەوەی ورد بەدەوامین بۆ زانینی بڕی ئەو پارەیەی کە لە کێشەکەدا هەیە".