شوێنەوارەكانی ئایینی یارسان (كاكەیی) لە کوردستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شوێنەوارەكانی ئایینی یارسان (كاكەیی) لە کوردستان

2

کتێبی پیرۆز
کتێبی پیرۆزی یارسانەکان (سەرنجام)ە و قسەکانی ناوی بە (کەلام) ناودێر دەكرێت، سەرەنجام بە واتای چارەنووس و کۆتایی کاریش دێت. ئەم کتێبە، کە (کەلامی خەزێنە و دیوانی گەورە)شی پێ دەگوترێ، رەسەنترین و سەرەکیترینی کتێبی ئەم ئایینەیە، کە پێکهاتووە لە هەموو وتووێژەکانی سوڵتان سەهاک لەگەڵ یارەکانی، لە قاڵبی نزا و پاڕانەوە و دابونەریتی ئایینی و سرووتە ئایینییەکان، کە لە سەردەمی پردیوەر بەدواوەیە، کە بە شێوازی شیعر نووسراوە.
بەشێکی زۆری کتێبی سەرەنجام بە شێوەزاری هەورامی و گۆرانی و بەشێکی کەمێکیش بە زمان و لەهجەی لوڕی نووسراوە.

هەروەها یارسانەکانی ئازەربایجانی ئێران، کۆمەڵێ کەلامیان هەیە، کە بە زمانی تورکیی ئازەربایجانی نووسراوە، کە ئەمانەش بە بەشێک لە سەرەنجام دادەنرێن.
کامڵترین کتێبی سەرەنجام، کە زۆربەی بەشەکانی لەخۆی کۆ کردبێتەوە، لە ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن تەیب تاهیری، کە لە توێژەر و نووسەرە باشەکانی ئایینی یارسانە، بە هەوڵ و هاوکاریی مەزهەری خالقی لە سلێمانی چاپ و بڵاو بووەتەوە.
ئەم کتێبە پیرۆزەی یارسان بەسەر دوو سەردەم دابەش دەکرێت، یەکەم: سەردەمی پردیوەر، کە تایبەتە بە نمای زاهیری سوڵتان سەهاک و دووەم: نمای زاهیری شاوەیسقلی خانە.

بیروباوەڕی یارسانەکان
ئایینی یارسان فەلسەفە و ڕوانگەی تایبەتی خۆی هەیە، ئەوان بڕوایان بە خوای تاک و تاقانە هەیە و کتێبی پیرۆزیشیان هەیە. بە بڕوای یارسانەکان، ئایینی ئەوان هەمیشەیی و نەمرە، هەر بۆیە گەیشتوونەتە دواقۆناغی تەسەوف و سۆفیگەری.
مرۆڤدۆستی و ئاشتەوایی و رێزگرتنی ئایینەکانی دیکە لە بنەمای سەرەکیی ئایینەکەیانە. بڕوایان بە دۆنادۆن، واتا گواسترانەوەی رۆح لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە هەیە. نوێژ و رۆژوو دوو بنەمای سەرەکیی ئەم ئایینەن، کە گرنگیی پێ دەدرێت، لە کۆتایی هەموو هەفتەیەک، واتا لە شەوی پێنجشەمەدا، بڕوادارانی ئەم ئایینە، کە جەمخانە، بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکە ئایینییەکانیان کۆ دەبنەوە.
هەروەها هەموو یارسانێک دەبێ سێ رۆژ لە ساڵ، واتا لە سەرەتای وەرزی زستان، بەڕۆژوو بێت و رۆژی چوارەم دەبێتە جەژنیان.
خواردنەوەی مەی گوناه نییە، مەگەر زیادەڕۆیی لە خواردنەوەیدا بکرێت، کە ئەو کاتە بە گوناه حیسابە. فرەژنی لای ئەهلی حەقدا نییە و ئەگەر حاڵەتی تایبەتیش ببینرێت، ئەوە بە لادان لە ئایینەکە ئەژمار دەکرێ.

بنکە یان بارەگای پیرۆزی یارسانەکان
بنکە و بارەگای پیرۆزی یارسانەکان (جەمخانە)ی پێ دەگوترێ، کە شوێنێکە بۆ کۆبوونەوەی یارسانەکان، بە مەبەستی بەجێهێنانی ئەرکە ئایینییەکان و مەراسیمی پرسە بۆ کۆچکردووەکان و بەجێگەیاندنی خێر.
رێوڕەسمی ئایینی یارسان (جەم)ی پێ دەگوترێت، کە بە واتای کۆبوونەوە دێت، کە هەموو شەوانی پێنجشەممە لە جەمخانەکان جێبەجێ دەبێت.

جەژنەکانی ئایینی یارسان

جەژنی قەولتاس
گرنگترین و گەورەترین جەژن لەم ئایینە، جەژنی قەولتاس، یان جەژنی یارانە. ئەم جەژنە هەموو ساڵە لە سەرەتای وەرزی زستان، بۆ ماوەی سێ رۆژ دەست پێدەکات، لەم سێ رۆژەدا خەڵکی باوەڕدار بەم ئایینە بەڕۆژوو دەبن و لە رۆژی چوارمدا جەژن دەست پێ دەکات.
مێژووی ئەم جەژنە بۆ سەردەمی سوڵتان سەهاک دەگەڕێتەوە. کاتێک، کە کۆمەڵێک لە یارەکانی سوڵتان بۆ ماوەی سێ رۆژ لەناو بەفر گیر دەخۆن و دواتر رزگاریان دەبێ. لەم جەژنەدا، یارسانەکان لە شوێنی پیرۆزی خۆیان، کە جەمخانەی پێدەگوترێ، کۆ دەبنەوە و رۆژوودار بە خواردنی برنج و کەڵەشێر و هەنار جەژن دەگێڕن.

جەژنی خاوەنکار
جەژنی خاوەنکار، یان مەڕنۆ، یەکێکە لە جەژنە تایبەتەکانی یارسانەکان و تەنیا لە لای یارسانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
خاوەنکار وەک سەرکەوتنی رووناکی بەسەر تاریکیدا، وەک خاڵی وەرچەرخان و بنەڕەتیی بیرۆکەی یاری، یادی دەکرێتەوە.
وشەی خاوەن بە واتای خوا و مالیک و رۆحی پیرۆز دێت، کە مەبەست لەمە خوا ساحێب و خاوەن هەموو گەردوون دێت.
حیکایەتی مەڕنۆ: ئەم ناوە لە دوو وشەی پێک هاتووە، مەڕ بە واتای ئەشکەوت و نۆ بە واتای نوێ دێت. کاتێک کە سوڵتان کە لە منداڵییەوە کەسایەتییەکی تایبەت و جیاواز بووە، لە لایەن کەسە نزیکەکانی خۆی و بەتایبەت دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە رووبەڕووی ململانێ دەبێت، بۆیە لە ناوچەکەی خۆی، کە بەرزنجە بووە، بەرەو ناوچەی هەورامان دەڕوات، بەڵام هەر لەوێ لەنزیک هەورامان لە چیای دالاهو لە کێوی شنروێ، هێزێکی چەکداری بە ناوی چیچەک پەلاماریان دەدەن، بۆیە سوڵتان سەهاک و یارەکانی، پەنا بەر ئەشکەوتێک بە ناوی مەڕنۆ دەبەن و دواتر بەهۆی سەرما و بەفر بارین رێگایان لێ دادەخرێت و مەڕنۆ ناوی ئەو ئەشکەوتەیە، کە سوڵتان سەهاک و یارانی لە دەست سوپای چیچەک خۆیان تێدا حەشار دابوو، کە بەدوایاندا کەوتبوون.

شوێنەوارەکانی ئایینی یارسان

پردیوەر
پردیوەر شوێنێکە لە گوندی شێخان لە شارۆچکەی پاوەی سەر بە پارێزگای کرمانشان، کە بۆ پەیڕەوانی ئایینی یارسان شوێنێکی پیرۆزە. وشەی پردیوەر بە سێ مەبەست و شوێن لە لایەن پەیڕەوانی یارسان بەکار دێت، کە یەکیان ئەو بەشە لە گوندەکەیە، کە ئاوی رووباری سیروان لەوێ کۆ دەبێتەوە و بە بێدەنگی تێدەپەڕێت. هەروەها ئەم وشەیە ئاماژە بە مەزارگەی شەخسی سوڵتان سەهاکە و ئەوەی دیکە بە شێوازی گشتی بە ئەو بەشە لە گوندەکە دەگوترێت، کە فەزایەکی ئایینی و سروشتییە.
سەبارەت بە رەگوڕیشەی وشەی پردیوەر دوو را هەیە، کۆمەڵێ کەس پێیان وایە ئەم وشەیە بە مانای ئەودیوی پرد دێت، بەڵام کۆمەڵی کەسی دیکە دەڵێن وەر یان وار، لە زمانی کوردی بە واتای شوێن و زێد دێت، کە واتای شوێنی پردەکە دەگەیەنێت، بەڵام هەر لەسەر ئەمەش بۆچوونی جیاواز هەیە، کە دەڵێ پردی کورتکراوەی وشەی پەردیس، بە واتای بەهەشتە و وشەی پردیوەر بە مانای شوێنی بەهەشت دێت.

مەرازگەی پیرۆزی سوڵتان سەهاک
شوێنەواری سوڵتان سەهاک شوێنی ناشتنی تەرمەکەی سوڵتان سەهاکە، کە دەکەوێتە گوندی شێخانی شارۆچکەی نەوسوودی سەر بە پارێزگای کرمانشانی رۆژهەڵاتی ئێران.
سوڵتان سەهاک، کە وەک قیبلەی دووەمی یارسانەکانە، دەکەوێتە نزیکی شوێنێک بە ناوی پردیوەر، کە هەر لە گوندی شێخانە.
پردیوەر ئەو بەشە ئایینییە پیرۆزەیە کە گۆڕی سوڵتان سەهاک و خاڵی بێدەنگی و راوەستانی رووباری سیروانیشە. بێجگە لە مەزارگەی سوڵتان سەهاک، کۆمەڵێ شوێنی پیرۆزی دیکە لە پردیوەر هەن، کە هەمووی تایبەتن بە کەسانی ئایینیی یارسان، وەک: مەزارگەی داود کوسوار، مەزارگەی خاتوو رزبار، مەزارگەی سەید محەمەد گورە سوار، مەزارگەی پیر مستەفا، ساج هەنار.

مەزارگەی بابا یادگار
ئەم مەزارگەیە دەکەوێتە گوندی بان زەردە لە شارەدێی دالاهو، کە مێژووەکەی بۆ سەدەی هەشتی کۆچیی قەمەری دەگەڕێتەوە. شێوازی ئەندازیاریی ئەم شوێنەوارە شەش پاڵووییە، کە گومبەزێكی قووچەکی رەنگ سپی لە سەربانی دروست کراوە، کە ئەم شێوازە گومبەزە تایبەتە بە ئەندازیاریی ئایینی یارسان.

هەر لە حەوشەکەی مەزارگەی بابا یادگار، حەوت داری کۆن و پیر هەن، کە تەمەنی کۆنترینیان بۆ ٩٠٠ ساڵ و نوێترینیان بۆ ١٥٠ ساڵ پێش دەگەڕێتەوە، کە ئەمیش یەکێک لە بابەتە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم دەڤەرە و ئەم مەزارگەیەیە.

بابا یادگار یان باوە یایار، کوڕی سوڵتان سوهاک و دادە سارای خێزایەتی. ئەو، کە لە سەدەی هەشتی کۆچی لەدایک بووە، یەکێکە لە حەوت یارە هەڵبژاردە و نزیکەکانی سوڵتان سەهاک.
بابا یادگار لە سەردەمی گەنجیدا لە لایەن سوڵتان سەهاکەوە بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینی یارسان بەرەو ناوچەکانی هیند و پاکستان دەڕوات. لەم کەسایەتییە ئایینییە کۆمەڵێ گوتار و پەندی ئایینی بەجێ ماون، کە بە ناوی (زلال زلال) دەناسرێت.
ئەم کەسایەتییە ئایینییە لە لایەن دژەکانی ئایینی یارسان دەکوژرێت و تەرمەکەی لە پێدەشتەکانی چیای تەخت سەرانە، لە گوندی زەردە لە دالاهو نێژراوە.

سەرچاوەکان:
- کەریم زەند: ئایین و باوەڕ لە کوردستاندا.
- هاشم کاکەیی: مێژووی کاکەیی یارسان لە کوردستاندا.
- گۆڤاری رامان: ژمارە ٢٧٨- ٢٧٧.
- شوکور مستەفا: سەرچاوەکانی بیروباوەڕی کوردەواری.