كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

حكوومەتی هۆڵەندا بەهۆی ئاشكرابوونی گەندەڵییەوە هەڵوەشایەوە

بە شێوەیەكی ڕەگەزپەرستانە مامەڵەی لەگەڵ هاووڵاتییاندا كردووە

ئەمڕۆ هەینی بەهۆی ئاشكرابوونی گەندەڵییەكی گەورەوە، حكوومەتی هۆڵەندا هەڵوەشایەوە، دوای ئەوەی هەزاران خێزانی هۆڵەندی بە هەڵە تۆمەتبار كرابوون، زۆربەشیان ئەوانە بوون كە بە ڕەسەن هۆڵەندی نین و هەڵگری ڕەگەزنامەی ترن.

حكوومەتی مارك رووتە سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا بە هۆی ئاشكرابوونی گەندەڵییەوە، ناچار كرا بە تەواوی دەست لەكار بكێشێتەوە و هەڵوەشاندنەوەی خۆی رابگەیەنێت.

دۆسیەی گەندەڵییەكە بریتییە لەوەی حكوومەتی هۆڵەندا بە هەڵە هەزاران خێزانی هۆڵەندی تۆمەتبار كردبوو بەوەی هاوكاریی دارایی تایبەت بە چاودێریی منداڵانیان بە شێوەیەكی خراپ بەكارهێناوە.

بەم هۆیەوە ئەمڕۆ هەینی، دوای كۆبوونەوەیەكی درێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی هۆڵەندا بە سەرۆكایەتیی مارك رووتە، كە دوو كاتژمێر و نیوی خایاند، حكوومەتی وڵاتەكە دەست لەكاركێشانەوەی راگەیاند و نامەی دەست لەكاركێشانەوەكەش پێشكەشی شا ڤیڵیەم ئەلیكساندەر پادشای هۆڵەندا دەكرێت.

جێی باسە مانگی دیسەمبەری ساڵی رابردوو، پەرلەمانی هۆڵەندا دوای بەدواداچوونێكی ورد، راپۆرتێكی بڵاو كردەوە و تیایدا ئاشكرای كرد كە بە لایەنی كەمەوە نۆ هەزار خێزانی هۆڵەندی بە هەڵە تۆمەتبار كراون بەوەی هاوكاریی دارایی تایبەت بە منداڵەكانیان بە شێوەیەكی خراپ بەكار هێناوە، تەنانەت بەشێك لەم خێزانانە سزای داراییشیان بەسەردا سەپێندرابوو.

زۆربەی ئەو خێزانە هۆڵەندییانەش، ئەوانەن كە بە ڕەسەن هۆڵەندی نین و پێشتر پەنابەر بوون و هەڵگری ڕەگەزنامەی ترن، بەم شێوەیە دەركەوتووە كە حكوومەتی وڵاتەكە بە شێوەیەكی ڕەگەزپەرستانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو خێزانانەدا كردووە و بڕیاری پێشوەختەی لەبارەیانەوە هەبووە.