كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
وژار فهری 14/01/2021

ئەو کێشە و مەترسییانەی لە ٢٠٢١دا چاوەرێی عێراق دەکەن

بەپێی پێشبینیەکان، ساڵی ٢٠٢١ ساڵێکی سەخت دەبێت بۆ عێراق، ئەمەش دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر سیستەمی سیاسیی ئەو وڵاتە. عێراق لە ساڵانی رابردوو بە چەندین کێشەی سیاسی، ئابووری، ئاسایشی، ناوچەیی و کۆمەڵایەتی ناڵاندوویەتی، ئەمەش سەختە لە ماوەیەکی کورتدا بتوانێت چارەسەریان بکات. بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان دژی دەسەڵاتدارانی عێراق، هەروەها ناکۆکیی نێوان گرووپە چەکدارەکان و حکوومەت و چەندین کێشەی تر بەرۆکی عێراقی گرتووە، کە هەموو ئەوانە رێگەخۆشکەرن بۆ نائارامیی وڵاتی عێراق. ئەگەر وەک وڵاتێک سەیری عێراق بکەین دەبینین، کە ئەمن و ئاسایشێکی پتەوی بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی و دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر شارەکانی نییە. تا ئێستاش داعش لە چالاکییەکانی بەردەوامە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی، کە پێشتر لەژێر دەستەڵاتیدا بووە. تا ئێستاش هێرشەکانی داعش بۆ سەر هێزەکانی عێراق بەردەوامن و خەڵک دەڕفێنن. پسپۆران پێیان وایە، بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا هەلێکی گرنگی دا بە داعش، چونکە چەندین هێزی سەربازی و ئاسایش بۆ ئەوەی، کە کەرەنتینە جێبەجێ بکرێت، گەڕانەوە ناو شارەکان، ئەمەش هەلی ئەوەی بە داعش دا، زیاتر دەستی لەو ناوچانە واڵا بێت، کە لەژێر دەستەڵاتیدا بوون. بە وتەی پسپۆران، بە هەزاران چەکداری داعش تا ئێستاش لە سەرانسەری عێراق بڵاو بوونەتەوە، وەک لە شارەکان، شارۆچکەکان، گوندەکان، بەتایبەتی ئەوانەی تا ئێستا خەڵکەکەیان نەگەڕاونەتەوە ماڵەکانیان، ئەمەش وا دەکات، کە بەتایبەتی لە شەودا، داعش بەتەواوی دەستەڵاتی بەسەر ئەو شوێنانەدا هەبێت. داعش ئێستا سەرقاڵی پەروەردەکردنی نەوەی نوێی چەکدارییە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ لەناونەچوونی داعش و بەردەوامبوونی هەڕەشەیان لەسەر ئاسایشی عێراق. کێشەیەکی تری گەورە لەبەردەم عێراق، بریتییە لە هەبوونی گرووپە چەکدارەکان، هەندێک لەو گرووپانەی سەر بە ئێرانن، بە جۆرێک بەهێز بوونە، کە دەتوانن بەرامبەر بە دەوڵەت هەڵوێست پشان بدەن و رێز لە یاساکانی حکوومەت نەگرن. کاتێک کە ئەندامێکی گرووپی (عصائب ئەهلی حەق)، کە گروپێکی گرنگی سەر بە حەشدی شەعبییە، لە مانگی ٩ی ساڵی رابردوو دەستگیر کرا، چونکە دەستی هەبووە لەسەر هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا، چەکدارانی ئەو گرووپە مانۆری سەربازییان لەناو شاری بەغدا ئەنجامدا، بە جۆرێک، کە هێزی خۆیان پیشان دەدا و دروشمیان دژی (مستەفا کازمی) دەگوتەوە. ئەوان دەیانگوت، چاوەڕێی فەرمانی (قیس خزعلی)ن بۆ کاردانەوە. ئەمە وای کرد، (مستەفا کازمی) ئامادەیی خۆی پیشان بدات بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێز و ملیشیایەکی سەربازی، کە ببنە مایەی مەترسی بۆ سەر دامەزراوەکانی عێراق.

کێشەکانی نێوان (قەیس خەزعلی) و (مستەفا کازمی) درێژەیان کێشا، کاتێک (قەیس خەزعلی) لە گرتە ڤیدیۆیێکدا داوای لە (مستەفا کازمی) کردبوو، کە هێرشەکانی سەر باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نادیدە بگرێت و بە شێوەیەکی توند گوتی، کە دەستگیرکردنی کەسێک لە سەنگەری بەرگری، لە مێژووی عێراقدا رووینەداوە و ناکرێت لە ئایندەدا ئەم کارە دووبارە ببێتەوە. کار گەیشتە ئەوەی، کە (قەیس خەزعلی) بڵێت، کە حکوومەتی (مەستەفا کازمی) زۆر لەوە بچووکترە، ئەندامێکی ئێمە دەستگیر بکات، ئەمە لەکاتێکدا بوو، کە چەند ئەندامێکی (کەتائبی حزبوڵا) کە گرووپێکی تری بەهێزی سەر بە حەشدی شەعبییە، دەستگیر کران.

کێشەی ئابووری و دارایی یەکێکی ترە لە کێشە گەورەکان، کە بەرۆکی عێراقی گرتووە و بەداخەوە لە ساڵی ٢٠٢١ لەگەڵی بەردەوام دەبێت. لە ڕاستیدا بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە جیهاندا، کە وەک کارەساتێک بوو بۆ وڵاتانی جیهانی سێیەم، عێراق وەک یەکێک لەو وڵاتانە زەرەرمەندی سەرەکی بوو و دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە بەتەواوی شێوا. وەک ئاشکرایە، %90ی داهاتی عێراق لەسەر ناردنی نەوتە، هاتنەخوارەوەی نرخی نەوت بەهۆی نەبوونی داوا لەسەری، هەروەها رێککەوتننامەی ئۆپێک پلاس بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، بووە هۆکاری ئەوەی عێراق نەتوانێت لە کاتی خۆیدا مووچەی مووچەخۆرانی بدات. هەموو توێژینەو و راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە بەکارهێنانی نەوت بەرەو کۆتایی دەچێت، ئەو وڵاتانەی کە بەدوای نەوتن بۆ پیشەسازی، ئیتر لەدوای ١٠ تا ١٥ ساڵی تر بە هیچ شێوەیەک پشت بە نەوت نابەستن و بەدوای جێگرەوەی دیکەدا دەگەڕێن، کە یەکێک لە هۆکارەکان بریتییە لە پیسبوونی کەش و هەوا. لەبەرامبەر هاتنەخوارەوەی نرخی نەوت، حکوومەتی عێراق دەستی برد بۆ ئەوەی %20ی نرخی دراوی خۆی بهێنێتە خوارەوە، لەکاتێکدا ئەم بڕیارە تا ئێستاش بەتەواوی جێبەجێ نەکراوە، بەڵام بووەتە هۆی گرانیی نرخی کەلوپەل، هەروەها چەندین خۆپیشاندانیش ئەنجام دراون. جگە لە کێشەی ئابووری و مووچەنەدانی کارمەندانی حکوومەت، کێشەی کەمیی ئاو و کارەباش دوو کێشەی ترن، کە چاوەڕوان ناکرێت لەو نزیکانەدا چارەسەر بکرێت.

هەمیشە کاتێک کێشەی ئابووری و دارایی روو دەدەن، کێشەی سیاسیش لەدوایدا سەرهەڵ دەدەن. کێشە ئابوورییەکان و خزمەتگوزاریی خراپ، کە بوونەتە هۆکاری خۆپپشاندان لە مانگی ١٠ی ٢٠١٩، لە کاردانەوەی ئەو خۆپیشاندانانە، پەرلەمانی عێراق، کە زۆرینەی شیعەیە، سیستەمی هەڵبژاردنی گۆڕی، بە جۆرێک کە دەنگدەر دەتوانێت دەنگ بە تاک بدات، لەجیاتی ئەوەی دەنگ بە پارتی سیاسی بدات. بەپێی ئەو سیسەتەمەی هەڵبژاردنەکان بێت، پارتە سیاسییەکان دەنگی کەمتر لەوەی پێشتر بەدەستیان هێنابوو بەدەست دەهێنن، بە تایبەتی حزبە شیعەکان، بەڵام بەدڵنیایەوە پارتە شیعەکان سەیری رووداوەکان ناکەن، بەبێ کاردانەوە. ئەو سیستەمە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووە کاری پێدەکرێت، کە هەڵبژاردنی پێشوەختە بە بڕیاری (مستەفا کازمی) بەڕێوە دەچێت، ئەمەش یەک ساڵ زووتر لە کاتی یاسای خۆی بەڕێوە دەچێت. هۆکارێکی تری گرنگ بۆ خۆپیشاندانەکان، بریتییە لەوەی خەڵک بڕوای بە چاکسازی لەسەر دەستی سیاسییەکانی عێراق نییە، كە بتوانن بارودۆخی ئابووری و سیاسیی عێراق بەرەو باشتر ببەن. لەگەڵ هەموو ئەو پێشهاتانە، بەداخەوە هیوایەکی بەهێز نییە، کە کەسی سیاسیی نوێ بێتە ناو گۆڕەپانی سیاسیی عێراق، چونکە لەو کاتەدا دەرکەوتنی پارت و کەسایەتیی سیاسیی نوێ نزیکە لە مەحاڵ، ئەمەش وا دەکات، کە ئەم سیستەمە نوێیەی هەڵبژاردن دووبارە شکست بهێنێت و کاندیدەکان بەبێ پشتگیریی پارتە سیاسییەکان، نەتوانن لە هەڵبژاردنەکان براوە بن، بە واتایەکی تر، دووبارە پارتە سیاسییە دەستەڵاتدارەکان براوەی هەڵبژاردن دەبن.

هۆکارێکی تری گرنگ، کە کەمتر باسی لێوە دەکرێت، هەبوونی ئاوارەی ناوخۆن لە شارە جیاوازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان. وەک ئاشکرایە، کە داستبەسەرداگرتنی بەشێکی گەورەی عێراق لەلایەن داعشەوە، هەروەها شەڕکردن لەسەر ئازادکردنی ئەو شوێنانە، زیاتر لە ٣ ملیۆن عێراقی ئاوارەی ناوخۆ بوون. حکوومەتی عێراق هەموو کات داوای کردووە، کە ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان، هەروەها حکوومەت داوای لە هاووڵاتییان کردووە لە بیناکردنەوەی خانووەکانیان، خەڵک یارمەتیدەری حکوومەت بێت، بەڵام وێرانیی شارەکان و نەبوونی ژێرخان و ئاسایش دەبێتە هۆکار، کە زۆربەی هەرەزۆری ئاوارەکان پێیان باشترە لە کەمپەکان بمێننەوە. کێشەیەکی تری گەورە، کە پەیوەستە بەو ئاوارانە، بریتییە لەوەی کە هەندێک لەم ئاوارانە پەیوەندییان هەبووە لەگەڵ داعش و ئێستا سەرپەرشتیی منداڵەکانی داعش دەکەن، ئەمەش وا دەکات، کە خەڵکانێک نەیانەوێت دایکە داعشەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان. مەترسییەکی گەورە ئەوەیە، کە هێشتنەوەی ئەو بابەتە بەبێ چارەسەر رەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ پەیدابوونەوەی نەوەی نوێی داعش.

ئەمانە بەشێک لەو کێشانەن، کە لە ساڵی ٢٠٢١دا چاوەڕێی عێراق دەکەن، ئایا عێراق توانای چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی هەیە؟ بە تێپەڕینی کات وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەست دەکەوێت، بەڵام بارودۆخی ئێستای عێراق گەشبینانە و یارمەتیدەر نییە بۆ دەربازبوون لەم هەموو کێشانە.