لەبارەی دەنگۆی لێخۆشبوونی باج لە كۆمپانیایەك دەستەی وەبەرهێنان روونكردنەوە دەدات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لەبارەی دەنگۆی لێخۆشبوونی باج لە كۆمپانیایەك دەستەی وەبەرهێنان روونكردنەوە دەدات

 

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، لەبارەی زانیاریی پەرلەمانتارێك بۆ بەخشینی باج و گرتنەبەری رێكارێك بۆ ئەوانەی لێخۆشبوون لە باج دەقۆزنەوە بۆ بازرگانی، روونكردنەوە دەدا.

پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق كە سەر بە گرووپێكی ئەو پەرلەمانتارە كوردانەیە كە دژی هەرێمی كوردستانن، بە قسەی خۆی، هەندێك زانیاری و بەڵگەی بڵاو كردووەتەوە كە گوایە "حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆمپانیا گەورەكان لە باج دەبەخشێت"، ئەو ناوی كۆمپانیایەكی هێناوە، گوایە باجی نەداوە.

لەم باریەوە د.محەممەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەو پەرلەمانتارەی عێراق كە دەڵێت كۆمپانیایەك لە باج بەخشراوە، بەم جۆرە نییە و هەموو قسەكانی ناڕاستن، بەڵكوو ئەو كۆمپانیایە پەیوەندیدارە بە پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران و لەسەر داوای وەزارەتی كشتوكاڵ بووە، ئەویش بۆ دروستكردنی كارگەی ئارد و دروستكردنی سایلۆ، ئەو كەرستانەی لێخۆشبوونی بۆ كراوە، تەنیا بۆ پڕۆژەكەیە نەك بۆ مەبەستی تر".

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان گوتیشی: "تەنیا 3%ی كەرەستەكانی پڕۆژەكە هاوردە كراوە، ئێستا راگیراوە". ئاشكراشی كرد، بەپێی یاسای وەبەرهێنان، وەبەرهێنەر 5 ساڵ لە باج و 10 ساڵ لە رسوومات دەبەخشرێت، گوتیشی: "نابێ خەڵك چەواشە بكرێت، لێخۆشبوونی باج بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان هەیە و كەسیش لەسەرووی یاساوە نییە، بابەتی لێخۆشبوون لە باج بابەتێكی یاساییە و یاسای وەبەرهێنان رێگەی پێداوە، بەڵام ئەویش مەرج و رێنمایی خۆی هەیە".

ئەوەشی خستە ڕوو، هەركەس بیەوێت دەتوانێت سەردانی پرٍۆژەكە بكات كە گەورەترین پڕۆژەیە لە هەرێمی كوردستان و عێراق و خەرجییەكی یەكجار زۆریشی پێویستە.
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لەبارەی دەنگۆی ئەوەی كۆمپانیاكە سوودی خراپی لە لێخۆشبوونەكە وەرگرتبێت، گوتی: "ئەنجوونی وەزیران لێخۆشبوونەكەی هەڵوەشاندووەتەوە، دەستەی وەبەرهێنانیش دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە، كەی روون بووەوە لە لایەن وەبەرهێنەر لێخۆشوونەكە خراپ بەكارهاتووە، وەبەرهێنەر 200% لە رسمی گومرگ سزا دەدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بە هاوبەشیی گومرگی هەولێر لیژنەیەكی بەدواداچوون دروست كراوە بۆ گرتنەبەری رێكاری یاسایی".

دووپاتیشی كردەوە، هەر كەس كاری نایاسایی بكات و بازرگانی بە لێخۆشبوونی باج بكات، رێكاری یاسایی لەدژ دەگیرێتە بەر، گوتیشی: "كەرەستەیەك بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان لە باج بەخشرابێت و وەبەرهێنەر بیەوێت لە بازاڕ ساغی بكاتەوە، جاری یەكەم 200% لە رسمی گومرگی سزا دەدێ، دووبارەی بكاتەوە دەبێتە 400% سێ بارەی بكاتەوە دەبێتە 600% چوارەم جار لە لێخۆشبوونی باج بێبەش دەكرێت".