پاش باسكردنی كارێكی نایاسایی لە حاجی ئۆمەران، بە كەمتر لە ٢٤ كاتژمێر حكوومەت هاتە سەر هێڵ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پاش باسكردنی كارێكی نایاسایی لە حاجی ئۆمەران، بە كەمتر لە ٢٤ كاتژمێر حكوومەت هاتە سەر هێڵ

عەلی حەمەساڵح: سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان گوتی دووقات گومرگی لێوەردەگرین

پاش كەمتر لە ٢٤ كاتژمێر لە باسكردنی كارێكی نایاسایی كە گوایە لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە كراوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتە سەر هێڵ و پەرلەمانتارێكیش ئاشكرای دەكات كە ئەو كەسانەی كارەكەیان كردووە، دەبێت بەپێی یاسا دوو هێندەی هاوردەكردنی ئاسایی گومرگ بدەن.

پاش ئەوەی عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان، بانگەشەی ئەوەی كرد كە گوایە بڕێكی زۆر شیش بە ناوی پرۆژەی وەبەرهێنانەوە لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە، بە كەمتر لە ٢٤ كاتژمێر لە راگەیاندنی ئەم بابەتە، هەر خودی عەلی حەمەساڵح، ئاشكرای كرد كە حكوومەت هاتۆتە سەرهێڵ.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان رای گەیاند: ”سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان پەیوەندی کرد و گوتی، لێکۆڵینەوە دەست پێدەكەین و ھەر شیشێک بەناوی پرۆژەوە هاتبێت و چوبێتە بازاڕ، دوو قات گومرگی لێوەردەگرین و ڕێگا بە کاری لەو شێوە نادرێت و ڕادەگیرێت“.
هەر لەمبارەیەوە سەعید هەركی، ئەندامی لێژنەی دەستپاكیی پەرلەمانی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”با كەس دڵی بەوە خۆش نەكات بەوەی قاچاخچێتیی لە دەروازە سنوورییەكانی هەولێر و دهۆكیش هەبێت وەك چۆن لە دەروازەكانی باشماخ و پەروێزخان هەیه، چونكە لە دەروازە سنوورییەكانی هەولێر و دهۆكدا بەهیچ شێوەیەك قاچاخچێتیی ڕێكخراو نەماوە“.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ”بەپێی یاسای وەبەرهێنان، دەتواندرێ بەخشین بۆ هاوردەكردنی هەندێك كاڵای وەبەرهێنان بكرێت لە چوارچێوەی پرۆژەكانی وەبەرهێنان، بەو مەرجەی كە كەرەستەكە تەنیا بۆ خودی پڕۆژەكە بەكار بهێندرێت، بەڵام هەر بەپێی یاساكە، ئەگەر كەسێك زیادەڕۆیی بكات یان كاڵاكە بهێنێت و لە بازاڕ بیفرۆشێتەوە، دەبێت دوو هێندە گومرگ بدات“.

جەختیشی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان جددییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی، هەر بۆیەش بە ماوەیەكی زۆر كەم بۆ ئەو كارە نایاساییەی لە ڕێگەی حاجی ئۆمەرانەوە دەگوترێت كراوە، هاتۆتە سەر هێڵ، ”حكوومەت خواستێكی جددیشی هەیە كە ڕێگە لە قاچاخچێتیی دەروازە سنوورییەكانی سلێمانی بگرێت، چونكە دەروازەكانی باشماخ و پەروێزخان بووەتە پاشاگەردانی و بە ئاشكرا ئه‌وه‌ی هه‌بێت ده‌هێنرێته‌ ژووره‌وه، ده‌بینین چ به‌ڵگه‌یه‌ك ڕۆژانە لەسەر ئەو دەروازانە بڵاو ده‌كرێته‌وه‌، بەداخەوە ڕەنگە ڕێگە نەدرێت هەنگاوەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی لەم دەروازانە بەپێی پێویست بچنە پێشەوە“.