دوایین پاشای مادەکان لەناو دوکانی داوودا خەوتووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دوایین پاشای مادەکان لەناو دوکانی داوودا خەوتووە

دوکانی داوود، یان کەلی داوود، گۆڕدەخمەیەکی مێژووییە بۆ ناشتنی مردووەکان و لە سەردەمی مادەکان دروست کراوە. ئەم گۆڕدەخمەیە سەر بە شاری سەرپێڵی زەهاوە و 100 کیلۆمەتر لە شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوورە.

مێژووی دروستکردنی گۆڕدەخمەکان بۆ سەردەمێک دەگەڕێتەوە، کە ئایینی فەرمیی کوردستان، میترایی، یان زەردەشتی بووە و تەرمەکانیان لەسەر بەرزایی لەناو ئەو گۆڕانە داناوە، تا باڵندە و ئاژەڵاکان بیانخۆن.

سەرچاوەی ئەم جۆرە گۆڕانە بۆ شارستانیەتی ئورارتوو، لەپاڵ دەریاچەی وانی باکووری کوردستان دەگەڕێتەوە. گۆڕدەخمە ژوورێکی لەبەرد دروستکراو بووە، بۆ دانانی تەرمێک، یان چەند تەرمێک، لەسەر کێو و بەرزاییەکان و شوێنی پێویستیشی بووە بۆ بەڕێوەبردنی نەریت و رێوڕەسمی ناشتنی مردووەکان.

هەڵکەندنی ژوور و گۆڕ لەسەر بەرد لە بەرزاییەکان بە دەخمە ناسراوە، کە زیاترینیان بە مەبەستی ناشتنی مردووەکان بووە، بۆیە گۆڕدەخمەیان پێ دەڵێن. رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەک گۆڕدەخمەی لەخۆ گرتووە، وەکوو گۆڕدەخمەی تەپۆڵکەی حەسەنلووی نزیک نەغەدە، گۆڕدەخمەی دەربەندی سەحنە و گۆڕدەخمەی کەلی داوودی سەرپێڵی زەهاو.

قزقاپان ناسراوترین گۆڕدەخمەی باشووری کوردستانە لە سنووری سلێمانی. باکووری کوردستانیش ژمارەیەک گۆڕ دەخمەی هەیە، کە زیاترینیان دەکەونە سنووری وان. بیناسازیی ئەم گۆردەخمانە وەکوو یەکن، واتا لەسەرەوە نەخشیان لەسەر هەڵکەنراوە و لەخوارەوە هیچ نەخشێکیان لەسەر نییە، بەڵام بەشێک لە گۆڕدەخمەکان کۆڵەکەی بەردینیشیان بۆ دروست کراوە.

گۆڕدەخمەی کەلی داوود، گۆڕی ئیشتوویگۆی دوایین پاشای مادەکانی لەخۆ گرتووە. هەندێ لە مێژوونووسانیش دەڵێن؛ گۆڕدەخمەی کەلی داوود گۆڕی ئەستیاگە و لەخوار گۆڕدەخمەکە نەخشی نەوەیئاستیاگ هەڵکەندراوە، کە خەریکی نزا و پاڕانەوەیە بۆ باپیری.

بۆ یارسانەکان، کە زۆرترین دانیشتوانی ئەو دەڤەرەن، گۆڕدەخمەکە شوێنێکی پیرۆزە و رۆژانی نەورۆز وەکوو سەری ساڵی کوردی سەردانی ئەو شوێنە دەکەن و رێوڕەسمی تایبەتیان بۆ ئەو شوێنە هەیە، چونکە شوێنەکە بە هی یەکێک لە پیرەکانی یارسان دەزانن.

ئەم گۆڕدەخمەیە زیاتر لە 95 مەتر پانە، 6 مەتر بەرزە و لەبەرەوە 7 مەتر درێژە. پێنج رەفە و تاقچەی هەیە و 12 مەتر لە ئاستی زەوی بەرزە و دەستگەیشتن پێی سەختە، بۆیە تا رادەیەکی زۆر وەکوو خۆی ماوە. تائێستاش لە هەندێ شوێنی کوردستان، هەندێ ماڵبات مردووەکانیان لەناو گۆڕدەخمەی تایبەت بە ماڵباتەکەیان دەنێژن، کە (لحک)ی پێ دەڵێن.