لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، تا ئێستا خاوەن بینای تایبەت بە خۆیان نین و داواشیان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە کە بودجە بۆ تەواوکردنی ئەو بینایە دابین بکەن کە بە تەواونەکراوی جێ ھێڵدراوە.
تالیب خالید، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای گشتیی کاروباری مین بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "تا ئێستا دەزگای گشتیی کاروباری مین لە بینای کرێدایە و پێش شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، ھەیکەلی بینایەکی تایبەت بە دەزگاکە دروست کرا، بەلام بەھۆی ھاتنەپێشەوەی قەیرانەنەکانەوە تا ئێستا کارەکانی وەستاوە".
گوتیشی: "بەمەبەستی تەواوکردنی بیناکە کە لە شاری ھەولێرە، لە نزیکەوە لە گرفت و پێویستییەکانمان کۆڵیوەتەوە و بەنیازین ڕاپۆرتێک و بە مەبەستی دابینکردنی بودجە بۆ تەواوکردنی، ئاراستەی پارێزگاری ھەولێری بکەین".
تالیب خالید باسی ئەوەشی کرد: "٦٠% ی کارمەندانی دەزگای مین گرێبەستن و خۆشبەختانە دوای داوکاریمان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکانان نیشان دا".
لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای گشتیی کاروباری مین ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لە سەرەتای ئەو مانگەوە دەستیان کردووە بە کردنەوەی خول و پێدانی ھۆشیاری بە کارمەندانی مین بۆ ئەوەی دەست بە پاککردنەوەی ناوچە مینڕێژکراوەکان بکرێتەوە، بەتایبەت کە بەھۆی پەتای کۆرۆنا سستییەکی تێ کەوتبوو".