حكوومەتی عێراق نزیكهی چوار مانگه، مووچەی كارمەندانی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستانی نەداوە، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانیش رای دەگەیەنێت، سهرۆك وهزیرانی عێراق بەڵێنی داوە كێشەكە چارەسەر بكات.
ئهمڕۆ پێنجشهممه 14/1/2021، ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان لە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كورستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "فەرمانبەرانی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان مووچەیان لەسەر بەغدایه، سێ مانگە مووچەیان خەرج نەكراوە، 20ی 1ی 2021 دەبێتە چوار مانگ كه مووچهیان نهدرابێتێ".
ژمارهی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەكان نزیكەی 400 كەسن و لە كاتێكدا بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە نادات، كە پێشتر و لە سەردەمی كابینهی حهیدهر عەبادی مووچەكانیان بە فەرمی خرابووە سەر حكووتی عێراق.
ئەكرەم ئەحمە گوتیشی: "لە بەغدا بەرپرسانی حكوومەت مووچەی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستانیان تێكەڵ بە كێشەی سیاسی كردووە، ئەگەرنا ئێمە هیچ كێشەیەكمان نییە".
لە بارەی هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، دهریبڕی كه بۆ ئەو پرسە چوونەته بهغدا و سەرۆک کۆمار قسەی لەگەڵ مستهفا كازمی، سهرۆك وهزیران كردووه و بە وەزیری كشتوكاڵی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاندووە، كە بە تەلەفۆن مستەفا کازمی بەڵێنی بە سەرۆک کۆمار داوە ھەفتەی داھاتوو "کێشەکەمان چارەسەر بکات".
پێشتریش لە لایەن بەغداوە چەند مانگێک مووچەی کارمەندانی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان نەدرابوو، بەڵام دوای چەندان هەوڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەغدا چەند مانگێك مووچەی بۆ ئەو فەرمانبەرانە ڕەوانە كرد.