كوشتنی سیاسەتی زەڕنەقووتە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

كوشتنی سیاسەتی زەڕنەقووتە

نەك ھەر لە كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی باڵای ئابووریی ھەرێمی كوردستان لە 12 – 1 ، نەك ھەر لە كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیران لە 13 – 1، بەڵكوو ھێشتا لەناو ساڵی 2020دا بووین و دواكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەو ساڵە بوو، كاتێ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایسپارد بودجەی ھەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 ئامادە بكرێت.
ئەوە لەكاتێكیشدا بوو كە ھێشتا پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 لە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆی لەسەر نەكرابوو، ھەتا ئێستاش ئەو پرۆژەیاسایە لە پەرلەمانی عێراق مشتومڕی لەسەر دەكرێت، بەشێك لەو مشتومڕانەش بیانووگرتنە بە ھەرێمی كوردستان بەڵام بیانووگرتنێكی سیاسی و ھیچ پەیوەندیی بە پاساوی دەستووری و یاسایی و ئەو ڕێككەوتنەشەوە نیە كە پێشتر شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەسەری پێكهاتبوون.
وەك ھاووڵاتیەكی كوردستان لەو ڕاسپاردنەی سەرۆكی حكوومەت بۆ ئامادەكردنی بودجەی ھەرێمی كوردستان - بێ گوێدانە ئەوەی كە ئەنجامی كۆتایی گفتوگۆی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 بە كوێ دەگات و چۆن كۆتاییەكەی دەگیرسێتەوە و بەشی ھەرێم چیی لێ دەكرێت و چیی بەسەر دێت - وەك تەحەدایەكی گەورەی ڕووبەڕووبوونەوەی بیانووەكانی شۆڤێنیست و مەزھەبیەكان و ھەموو دژە كوردەكان لە بەغدا دەبینم، كە ئیتر لە ئامادەكردنی بودجەی ھەرێمی كوردستاندا حسابی خراپترین ئەگەر دەكەین.
ئەویش ئەوەیە كە ئەگەر لە بەغداشەوە ھیچ بڕە پارەیەك بۆ ھەرێمی كوردستان نەنێردرێت ھەرێمی كوردستان دەستەوەستان و دەست لەئەژنۆ دانانیشێت، بەڵكوو بە پێڕەوكردنی سیاسەتی پشت بە ھەموو جۆرەكانی داھاتی ناوخۆ بەستن و جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و سەرلەنوێ ڕێكخستنەوەی سیستەمی كۆكردنەوەی باج و ڕسووماتەكان و چاكسازیی ھەمەلایەنە كە ھەمووی بەیەكەوە دەكاتە پێڕەوكردنی سیاسەتی پشت بەخۆ بەستن، بودجەی خۆی ئامادە دەكات و بەگوێرەی ئەو داھاتەی بەردەستی، مووچەش لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا دابەش دەكات و لە ئاوەدانكردنەوەی زیاتری ھەرێمی كوردستانیش بەردەوام دەبێت.
لەم بڕیارەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا ئەوەش دەبینم كە فیشەكی ڕەحمەت نراوە بە سیاسەتی زەڕنەقووتەوە، واتە ئیتر دەبێ كۆتایی بەوە بھێنرێت كە ھەرێمی كوردستان ساڵانە وەك زەڕنەقووتە تازە لەدایكبووە بێ پەڕ و باڵەكە، دەم بۆ بەغدا بكاتەوە و بەغدا چەند و چۆنی بوێت، ھەر ئەوەندە پارە بنێرێت و ھەرێمی كوردستانیش ھەر ئەمڕۆ بە سبەی بۆ دابەشكردنی مووچە بكات ھەتا بەغدا وەك خێر و سەدەقە شتێك بۆ ھەرێمی كوردستان دەنێرێت. بەلای منەوە وڵات بەم شێوەیە دروست دەبێت، واتە كوشتنی سیاسەتی زەڕنەقووتە وەك ئەوەی ئێستا سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و ستافی وزارییەكەی دەیكەن.