کوردستانم لە شەپۆلی دەریایەکدا لەنگەر ئەگرێ
کەشتیی گەلێکە چەند ساڵە هەر پارچەی بۆ لایەک ئەبرێ
زۆر لەمێژە بۆ کەناری مافەکانی دەریا ئەبڕێ
نەگەیشتۆتە وشکانیەک بۆ ساتێک ئارامی بگرێ
سەردەمێکە دوژمنانی وەک نەهەنگ دەوریان داوە
بۆ خواردنی سەرنشینی تەواو شووڵیان هەڵکێشاوە
بێباکانە گڕ و ئاگر بەسەرماندا ئەبارێنن
ناپرسن لە گەورە و بچووک خونچەکانیش ئەوەرێنن
بۆچی وا ئێمە بێدەنگ بین تاکەی ئێمە هەمەدەنگ بین
دەبا لەپێناو کوردستان هەموو یەک ریز و یەک ڕەنگ بین
گشت پێکەوە بۆ ئازادی و یەکپارچەیی تێ بکۆشین
چیتر تاڵاوی جودایی و پەرش و بڵاوی نەنۆشین