گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی دۆزرایەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی دۆزرایەوە

گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە پارێزگای سەڵاحەدین دۆزراوەتەوە، دەیان تەرمی تێدایە و گومان دەکرێ هی ئەو کەسانە بن،کە ساڵی 2015 لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە رفێندران.

ئەنجوومەنی عەشیرەتەکانی سەڵاحەدین راگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا رای گەیاندووە، گۆڕە بەکۆمەڵەکە رۆژی چوارشەممە 13-1-2021، لە ناوچەی جالی لە شارەدێی ئیسحاقی لە رۆژئاوای شاری تکریتی سەنتەری پارێزگای سەڵاحەدین، کە ناوچەیەکی سوننەمەزهەبەکانە، دۆزراوەتەوە.

ئەنجوومەنەکە هەروەها رایگەیاندووە، ئەو ناوچەیەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی تێدا دۆزراوەتەوە، کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی هەردوو میلیشیای عەسائیب ئەهلی حەق و حزبوڵڵای لوبنانی.

ئەنجوومەنی عەشیرەتەکانی سەڵاحەدین ئاماژەی بەوە کردووە، کە میلیشیاکان رێگایان بە خەڵکی ناوچەکە نەداوە گۆڕە بەکۆمەڵەکە هەڵبدەنەوە و کەسوکاری مردووی خۆیان بدۆزنەوە.

بەرەی ئینقاز لە پەرلەمانی عێراق، کە ئوسامە نوجێفی سەرۆکایەتی دەکات و نوێنەرایەتیی بەشێک لە سوننەمەزهەبەکان دەکات، لە راگەیاندراوێکدا جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە لەتەنیشت گۆڕە بەکۆمەڵەکەی پێشووترە، کە هێشتا بەهۆی رۆتینیاتەوە رێگا بە هەڵدانەوەی نەدراوە.

بەرەی ئینقاز هەروەها رایگەیاندووە، دوای رزگارکردنەوەی ناوچەکەلەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، چەکدارانی میلیشیا شیعەکان دەیان گەنجی سوننەمەزهەبی ناوچەکەیان رفاندووە و شوێنبزریان کردوون.

موجاهد ئەلتائی، توێژەری کاروباری عێراق، رەخنەی لە بێدەنگیی حکوومەت و سزانەدانی میلیشیاکان گرتووە و لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویەتی: “ناوە ناوە گۆڕە بەکۆمەڵێک دەدۆزرێتەوە، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەو ناوچانەی لە داعش رزگارکراونەتەوە دروستیان کردوون، ئەو میلیشیایانە لەسەر کوشتنی خەڵک کێبرکێ لەگەڵ داعش دەکەن و تا ئێستاش کەس لەسەر تاوانەکانیان لێپێچینەوەی لەگەڵدا نەکردوون”.

هەروەها حوسام تائی، رۆژنامەوان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویەتی: “حکوومەتەکان تا ئێستا دەترسن لەوەی ئەو دۆسیانە بکەنەوە، چونکە سیاسییە گەورەکان دەگرێتەوە”.