كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەمریکا دوو بەرپرس و ١٦ دامەزراوەی ئێرانی خستە لیستەی گەمارۆکانەوە

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دوێنێ چوارشەممە ئاشکرای کرد دوو کەسایەتی و ١٦ دامەزراوەی ئێران بۆ وێنە بەڕێوەبەرانی هەردوو دامەزراوەی "ئەرکانی بەڕێوەبەری فەرمانی ئیمام" و "ئاستانی قودسی ڕەزەوی" ی ئێرانی خستووەتە لیستەی گەمارۆکانەوە.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەحمەد مەروی، بەڕێوەبەری دامەزراوەی "ئاستانی قودسی ڕەزەوی" و محمەد موخبر، سەرۆکی "ئەرکانی ناوەندیی فەرمانی ئیمام" لە ئێران لەگەڵ ١٦ دامەزراوەی دیکەی ئەو وڵاتە خراونەتە لیستەی گەمارۆکانی ئەمریکاوە.

بەپێی ئەو بڕیارەی ئەمریکا سامان و موڵکەکانی داهاتی ئەو کەس و دامەزراوانەی ئێران لە ئەمریکا بلۆکە دەکرێن و دەستیان بەسەردا دەگیرێت و هاووڵاتییانی ئەمریکی مافی مامەڵەکردنیان پێوە نییە و هەرکەس هەوڵی لەو جۆرە بدات ئەخرێتە لیستەی گەمارۆکانەوە.

ئەو دوو دامەزراوەیە هەموو داهات و سامانیان ئەچێتە خەزێنەی نووسینگەی ڕێبەری باڵای ئێران و لەلایەن سوپای پاسدارانەوە چاودێری دەکرێن.

لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٢٠یشدا "دامەزراوەی موستەزعەفان" کە کۆمەڵێک دامەزراوەی دیکەی لەخۆ گرتووە لەژێر چاودێریی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیدان لەلایەن ئەمریکاوە خرایە لیستەی گەمارۆکانەوە.

ئەحمەد مەروی کە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستەی گەمارۆکانەوە، یەکێک لە بەڕێوەبەرە باوەڕپێکراوەکانی نزیک لە خامنەییە و لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردودا پێنج بەرپرسایەتیی پێی سپێردراوە کە هەموویان بە فەرمانی خامنەیی بوون و هەموویان لەو دامەزراوانە بوون کە سەر بە رێبەری ئێرانن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا بڵاو کردووەتەوە دامەزراوەی "ئاستانی قودسی ڕەزەوی" بە دەیان دامەزراوەی بچووک و جۆراوجۆری لەخۆ گرتووە کە کاری جیاواز دەکەن و ١٦ لەو دامەزراوانەش خراونەتە لیستەی گەمارۆکانی ئەمریکاوە.