وەزارەتی گواستنهوهی حكوومەتی عێراقی، مەرجی پێدانی مووچە بە فەرمانبەرانی بە نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتریی دەنگدان دهبهستێتهوه، ئەوەش كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە.
بە پێی نووسراوێکی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق كە لە 11ی 1ی 2021 دەرچووە و كۆپییەكی دەست (باسنیوز) کەوتووە، ئاماژە بەوە کراوە "هەر فەرمانبەرێکی وەزارەتەکە بۆ ئەوەی مووچەکەی وەربگرێت، دەبێت کارتی بایۆمەتریی تاییەت بە دەنگدانی نوێکردبێتەوە، کە بڕیارە لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بەکار بهێنرێت".
بڕیارەکەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق كاردانەوەی خەڵك و میدیاكانی لێكەوتووهتەوە.
سالم مەشكوور، رۆژنامەنووسی عێراقی لەبارەی بڕیاركەوە نووسیویەتی: "مووچە نییە، تەنیا دەبێت كارتی بایۆمەتریی دەنگدانت هەبێت، ئایا گەڕاینەوە سەردەمی بەعس؟".
ئەو رۆژنامەنووسە دەشنووسێت: "بەشداری هەڵبژاردن بە پێی دەستوور ئازادیی تاكە، بەشداریكردن مافە نەك ئەرك، نابێت مووچە ببەسترێتەوە بە هەڵبژاردن، ئەو هەڵسوكەوتانە بەرەو دیكتاتۆی دەمانبات و رێگاخۆشكەرە بۆ دیكتاتۆری".
