عەلی عەونی: لە سلێمانییەوە داوای لادانی پارێزبەندی لەسەر دووپەرلەمانتار دەكرێ كەس بەرگرییان لێ ناكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

عەلی عەونی: لە سلێمانییەوە داوای لادانی پارێزبەندی لەسەر دووپەرلەمانتار دەكرێ كەس بەرگرییان لێ ناكات

”لە ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران بوایە، ئێستا ئاراس و فارووق و مەریوان و ئاسۆس و هەموان دەیانگوت مانبگرن“

ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان رەخنە لە دووفاقیی ئەوانە دەگرێت كە بانگەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەكەن و ئاشكرای دەكات كە لەبەر ئەوەی لە سلێمانییەوە داوای لادانی پارێزبەندی لەسەر دوو پەرلەمانتاری گۆڕان دەكرێت، كەس بەرگرییان لی ناكات.

عەلی عەونی، لە نووسینێكدا بە ناونیشانی (جیاوازیی گەندەڵی) كە لە پێگەی خۆیدا بڵاوی كردۆتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”پسپۆڕانی كەمپینبازی و خۆپیشاندان و مانگرتن لە شاری سلێمانی و تەپڵلێدەر و بوتڵ هاوێژەكانی نێو پەرلەمان دەڵێن، ئەگەر دوو كۆترباز لە هەولێر شەڕ بكەن، پێویستە ئێمە كەمپەینی (كوا كۆترەكەم) ڕێك بخەین“.

ڕوونیشی كردۆتەوە، ئەگەر داوا كرا پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارێكی كۆمەڵ هەڵبگیرێت، مادام گرێدای هەولێرە، پێویستە بایكۆتی پەرلەمان بكەن، ”بەڵام ئەگەر لە سلێمانی جوتە لە پشتی كادیرێكی پارتی بدەن و بارەگاكانی پارتی بسووتێنن و تاڵانی بكەن، ئەوە شتێكی ئاساییە و پێویست ناكات لێوەكانیشیان لە یەكتر بدەن“.

ئەو سەركردەیەی پارتی باسی لەوەش كردووە، ئەگەر لە سلێمانی داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر دوو پەرلەمانتاری گۆڕان بكرێت، ”مادام لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی سلێمانییە، پێویست بە فیتەلێدان و تەپڵلێدان و بوتڵهاویشتن و بایكۆتكردن ناكات“.

عەلی عەونی دەڵێت: ”ئەگەر ڕاپۆرتەكانی عەلی حەمەساڵح لەسەر گەندەڵیی دەروازەكانی باشماخ و شوێنی دیكە، لەسەر ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران بوایە، ئێستا ئاراس و فارووق و مەریوان و ئاسۆس و هەموو فەیلووسەفەكانی دژایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەموو پەیجە بندیوارەكان و سیاسییەكانی پشت پەردە، دەستیان بە مانگرتن دەكرد و نوێژی بە كۆمەڵیان لەبەر دەركی سەرا دەكرد. ئەوكاتە هەموو كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لە سلێمانی و كەناڵەكانی پەكەكە هەزاران راپۆرتیان لە دژی سەرۆك بارزانی و پارتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكرد“.

لە كۆتاییشدا داوای لە خەڵك كردووە، ”كەرەم بكەن ببین لەسەر كەیسی گەندەڵیی دەروازەی باشماخ و لێسەندنی پارێزبەندی لەسەر عەلی حەمەساڵح، دەنگ لە كام كەناڵ و ڕێكخراوی بەناو كۆمەڵی مەدەنی دەردەچێت؟“.