بەدواداچوون بۆ بە گەشتیاریکردنی گوندی چەرموو دەکرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەدواداچوون بۆ بە گەشتیاریکردنی گوندی چەرموو دەکرێت

گوندی چەرموو لە سنووری قەزای چەمچەماڵ کە بە یەکێک لە کۆنترین گوندە کشتوکاڵییەکان و شوێنەواری شارستانییەت لە ھەرێمی کوردستان و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان دادەندرێت، وەک پێویست بایەخی پێ نەدراوە و گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت پلانمان داناوە سەردانی بکەین و ھەنگاوەکانی بە گەشتیاریکردنی ناوچەکە دەست پێ بکەین.

نادر رۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "گوندی چەرموو کە حەوت  ھەزار ساڵ پێش زایین، وەک یەکەم گوندی کشتوکاڵی ژیانی تێدا بووە، بەڵام لەڕووی گەشتیارییەوەە تا ئێستا سوودی لێ وەرنەگیراوە و بەدەر لەوەش شوێنەکە تێک چووە".

گوتیشی: "لە سنوورە ئەو گوندە ئەشکەوتی کونە کەمتیار وەک قووڵترین ئەشکەوتی ھەرێمی کوردستان دیاری کراوە و دەکرێت ببێتە سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران".

نادر رۆستی باسی ئەوەشی کرد: "یەکێک لە پلانەکانی دەستەکەمان بە گەشتیاریکردنی شوێنەوارەکانە بۆ ئەو مەبەستە قسەمان لەگەڵ قایمقامیەتی ناوچەکە کردووە و بەنیازین لە نزیکترین کاتدا سەردانی گوندەکە بکەین و ھەنگاوەکانی بە گەشتیاریکردنی سنوورەکە بخەینە ناو پلانی کارەکانمانەوە".

چەرموو کەلە سنووری قەزای چەمچەماڵە، کە ژیان تێیدا بۆ ماوەی نزیکەی حەوت ھەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتێنەوە لە ساڵانی چلەکانی سەدەری ڕابردوو لەلایەن تیمێکی شوێنەواری عێراقییەوە دۆزرایەوە و ناسێندراو دوای ئەوە دووجار لەلایەن تیمی شوێنەوارییە بیانیەکانەوە کنە و پشکنینی بۆ کراوە و چەندين پاشماوەی تێدا دەركەوتوون وەك ئامێری بەردینی كشتوكاڵی و كەرەستەی بەردینی ناوماڵ و پاشماوەی خۆراكی وەك دانەوێڵە و بەروبوومە پاقلەمەنییەكان، هەروەها ئێسك و پرووسكی ئاژەڵی كێوی.