ئاكەپە پلانی هەیە بەربەستی هەڵبژاردن بۆ ١٢٪ بەرز بكاتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئاكەپە پلانی هەیە بەربەستی هەڵبژاردن بۆ ١٢٪ بەرز بكاتەوە

"زیانی گەورە بەر هەدەپە دەكەوێت"

پەرلەمانتارێکی سەر بە جەهەپە ئاشكرای کردووە سەركردایەتیی ئاكەپە خەریكی پلانێكن بۆ ئەوەی بەربەستی هەڵبژاردن لە توركیا بەرز بكەنەوە، بە جۆرێك لە ١٠٪وە بیکەنە ١٢٪.

لە توركیا بەربەستی هەڵبژاردن ١٠٪ ە، واتە هەر پارتێك نەتوانێت ئەو رێژە دەنگە بەدەست بهێنێت، ناتوانێت وەكوو پارت بچێتە پەرلەمانەوە.

بارش یاركەداش پەرلەمانتاری جەهەپە، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی (KRT) ئاماژەی بەوە داوە كە ئاكەپە بەنیازە بەربەستی هەڵبژاردن لە توركیا بۆ ١٢٪ بەرز بكاتەوە.

بەرزبوونەوەی بەربەستی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی ئاكەپەیە، چونكە ئەگەر نموونەی هەدەپە وەربگرین، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠١٨ توانی ١١٪ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت و وەكوو پارت چووە پەرلەمانەوە، بەڵام ئەگەر بەربەستی هەڵبژاردن ببێتە ١٢٪ و هەدەپە ١١٪ی دەنگەكان بەدەست بهێنێتەوە، لێرەدا دەنگی هەدەپە هەموو بۆ پارتی یەكەم دەچێت كە ئاكەپەیە، بەمەش ئاكەپە رزگاری دەبێت و بە ئاسانی لەناو پەرلەمان دەنگەكانی بۆ ٥٠+١ بەرز دەبێتەوە.

بەڵام ئەگەر بێت و هەر پارتێك لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەتییەکدا بچێتە ناو هەڵبژاردن، دەنگی هاوپەیمانییەتییەكە حیساب دەكرێت.

 بۆ نموونە پارتی باش ١٠٪ی دەنگەكانی بەدەست هێناوە و لەناو هاوپەیمانی (میللەت)ە، ئەگەر بێت و هاوپەیمانیی میللەت بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنێت، پارتی باشیش دەنگەكانی خوار بەربەستی هەڵبژاردن بێت، لێرەدا پارتی باش وەكوو پارت دەچێتە ناو پەرلەمانەوە، چونكە دەنگی هاوپەیمانییەتەكە هەژمار دەكرێت.

ئاشكرایە هەدەپە لەناو هیچ هاوپەیمانییەتێكدا نییە، بۆیە گورزی گەورە بەر هەدەپە دەكەوێت.