بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانە گشتییەکان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی کێشە و گیروگرفتەکانی کتێبخانەی شار و شارۆچکەکان و بەمەبەستی چارەسەری کردنیان، بە ڕاپۆرتێک ئەو گرفتانە ئاراستەی حکوومەتیی هەرێمی کوردستانی دەکەن.
دیار عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانە گشتییەکان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: " ماوەیەکە دەستمان کردووە بە سەردانی کتێبخانەکان لە شار و شارۆچکەکان و لە نزیکەوە لە کێشەکانیان دەکۆڵینەوە کە ھەندێکیان گرفتی خراپی و بچووکی و نەبوونی بینا و ھەندێکیشیان گرفتی کەمیی سەرچاوە و خراپی کوالێتی پێداویستییەکانیان ھەیە".
دیار عەزیز گوتیشی: "جگە لەوەش ھەندێک کتێبخانە گرفتی کەمیی فەرمانبەر و کەمیی فەرمانبەری شارەزایان لە بەڕێوەبردنی کارەکانی کتێبخانەکان ھەیە".
بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانە گشتییەکان باسی ئەوەشی کرد: "لەمیانی ئەو سەردانانەدا ھەمو و ئەو کێشە و گیروگرفتانە دیار دەکەن و لە ڕاپۆرتێکدا و بەمەبستی چارەسەرکردن و دابینکردنی پیۆیستییەکان بۆیان، دەیدەنە حکوومەتی ھەرێمی کورستان".