دەستگیرکردنی عەمیدێکی سەربازیی ساختە دەبێتە مایەی گاڵتەی عێراقییەکان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دەستگیرکردنی عەمیدێکی سەربازیی ساختە دەبێتە مایەی گاڵتەی عێراقییەکان

دەستگیرکردنی فەرماندەیەکی سەربازیی ساختە بە پلەی عەمید، دەبێتە مایەی گاڵتەی هاووڵاتییانی عێراق.

رۆژی سێشەممە 12-1-2021، کەسێک لە مووسڵ دەستگیر کرا، کە لە ساڵی 2017ـەوە پلەی سەربازی بۆ خۆی داناوە و وەک فەرماندەیەک لە مووسڵ، بەرتیلی لە هاووڵاتییان وەرگرتووە و کارە نایاساییەکانی لە فەرمانگەکان، راپەراندووە.

ئەو کەسە پلەی عەمیدی سەربازی بۆ خۆی دانابوو و چەند کەسێکیشی وەک پاسەوان لای خۆی دانابوو، لەکاتی دەستگیرکردنیشی، دەرکەوتووە بەنیاز بووە لەکاتی پلەبەرزبوونەوەی فەرماندە و ئەفسەرە راستەقینەکان، پلەی خۆی لە عەمیدەوە بکاتە لیوا.

پەیجێکی گەورەی هەواڵیی مووسڵ باسی لەوە کردووە، کە هاووڵاتیی ئاسایی لە فەرمانگەکان داوی ناسنامە، کارتی زانیاری، کارتی بایەع، شایەد و موختار، پاسپۆرت و چەندین بەڵگەنامەی دیکەی لێدەکرێ، کەچی چوار ساڵە کەسێک بە ساختە خۆی کردووەتە عەمید و فەرمان بەسەر دەزگا ئەمنی و مەدەنییەکان دەکات و کەسیش داوای ناسنامەی لێناکات.

ئەو پەیجە بە دوو هاشتاگ گاڵتەی بە سوپا و حکوومەتی عێراق کردووە و حکوومەتی بە حکوومەتی کارتۆنی ناوبردووە و بوونی فەرماندەی ساختەشی بە گاڵتەجاڕیی عێراق ناوبردووە.