چەند زانیارییەک لەبارەی هێرشەکەی سەر پێگەکانی ئێران لە سوریا ئاشکرا دەبن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

چەند زانیارییەک لەبارەی هێرشەکەی سەر پێگەکانی ئێران لە سوریا ئاشکرا دەبن

ئاژانسێکی هەواڵیی جیهانی چەند زانیارییەک لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی سووریا، ئاشکرا دەکات.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە 11-1-2021 و بەرەبەیانی رۆژی دواتر، هێرشێکی مووشەکی بە فڕۆکە کرایە سەر پێگە سەربازییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە پارێزگای دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا.

ئاژانسی (ئەسۆشێیتد پرێس) لە زاری بەرپرسێکی هەوڵگریی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، کە دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا زانیاری لەبارەی ئەو پێگانەوە بە سوپای ئیسرائیل داوە.

هەروەک ئاژانسەکە بڵاوی کردووەتەوە، بۆردومانەکە چەند کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی میلیشیا ئێرانییەکانی کردە ئامانج و بەهۆیەوە لانی کەم 57 چەکداری سەر بە ئێران، کە بۆ بەرژەوەندیی رژێمی سووریا شەڕ دەکەن، کوژران.

ئەسۆشێیتد پرێس ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێدانی زانیاریی هەواڵگری لەلایەن ئەمریکاوە بە ئیسرائیل و ئاشکراکردنی، یەکێکە لە رووداوە دەگمەنەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل.

سەرچاوە هەواڵگرییەکە هەروەها رایگەیاندووە، کە رۆژی پێش بۆردومانەکە، مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گفتوگۆی لەگەڵ یوسی کۆهین، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)، کردووە.

هەر ئەو سەرچاوە هەواڵگرییە گوتویەتی، بەشێک لەو کۆگایانەی بۆردومان کراون، کەلوپەل و ئامێری سەربازیی تایبەتیان تێدا بووە، کە لە دروستکردنی چەکی ناوکی لەلایەن ئێرانەوە، بەکار دەهێندران.

دوای بۆردومانەکە، میدیاکانی سەر بە رژێمی سووریا بڵاویان کردەوە، کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی عێراقەوە هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر ئەو پێگە سەربازییانە و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی رژێمەکە وەڵامی بۆردومانەکەی داوەتەوە.