گروپی خەیاڵی خانمان.. وێستگەیەک بۆ دەرخستنی توانای خانمانی دەستڕەنگین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گروپی خەیاڵی خانمان.. وێستگەیەک بۆ دەرخستنی توانای خانمانی دەستڕەنگین

گروپی خەیاڵی خانمان، گروپێکی هونەرییە و ماوەی دوو ساڵە بە مەبەستی دەرخستن و نمایشکردنی توانای هونەریی خانمانی دەستڕەنگین دامەزراوە و تا ئێستاش چەندین پێشانگای تایبەتیان بۆ نمایشکردنی کارەکانی خۆیان کردووەتەوە.

سروە عوسمان، سەرۆکی گروپی خەیاڵی خانمان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ماوەی دوو ساڵە ئەم گروپەمان بە هاوکاری کۆمەڵێک خانمی دەستڕەنگین دامەزراندووە، لەسەرەتادا ئێمە لە پێشانگا و فێستیڤاڵەکاندا یەکترمان دەبینی و کارەکانی خۆمان نمایش دەکرد، دواتر بیرمان لەوە کردەوە گروپێک دابمەزرێنین بۆئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری کارەکانی یەکتر بین، کارەکانیشمان زیاتر پێکهاتوون لە کەلوپەلی جوانکاری خانمان و کەوا و سەڵتە و جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی کە بەدەستی خۆمان دروستی دەکەین".

گوتیشی: "70 خانم لەناو گروپەکە ئەندامین و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش ژمارەی ئەندامانمان زیاتر دەبێت و مەرجیشمان بۆ وەرگرتنی ئەندام جیاوازی کارکردنیانە، واتە کاری هیچ خانمێکی تر لە هی خانمێکی تر ناچێت و ئامانجیشمان لە پێکهێنانی ئەم گروپە تەنیا نمایشکردن و خزمەتکردنی بەهرەی خانمانی دەستڕەنگینە".


سروە ئەوەشی خستەڕوو "لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا بەشداری چەندین پێشانگامان کردووە و بەرهەمەکانی خۆمان نمایش کردووە و خەڵکیش زۆر لە کارەکانمان ڕازین و کڕیارێکی باشمان هەبووە، هەروەها گروپەکەمان بووەتە سەرچاوەی داهاتێکی باش بۆ ئەو خانمانەی ئەندامن تیایدا و لەگەڵ گروپە هونەرییەکانی تریش پەیوەندییەکی باشمان هەیە و لە زۆربەی شارەکانی کوردستان پێشانگای هونەرییمان کردووەتەوە".