هەولێر.. پۆلیس هەڵمەتێکی دیکەی دەستگیرکردنی سواڵکەرەکان دەستپێدەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هەولێر.. پۆلیس هەڵمەتێکی دیکەی دەستگیرکردنی سواڵکەرەکان دەستپێدەکات


گوتەبێژى پۆلیسى هەولێر رایگەیاند هەڵمەتێکیان بۆ دەستگیرکردنى سواڵکەر دەستپێکردووە و لە ماوەى کەمتر لە هەفتەیەک نزیکەى 30 کەسیان لە ناوشار و ترافیک و شوێنە گشتییەکان دەستگیرکردووە.

رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى هەولێر بە(باسنیوز) ى راگەیاند: "بەهۆى زۆربوونى دیاردەى سواڵکردن، بە هاوکارى مەفرەکانى پۆلیس هەڵمەتێکمان دەستپێکردووە بۆ دەستگیرکردنى ئەو کەسانەى سواڵ دەکەن، چونکە سواڵکردن بووەتە دیاردەیەکى ناشیرین و دزێوى ناو کۆمەڵگە و کەسانێکى زۆر خویان پێوە گرتووە".

راشیگەیاند: "لە ماوەى کەمتر لە هەفتەیەک نزیکەى 30 کەس تەنیا لەناو شارى هەولێر لەسەر سواڵکردن دەستگیرکراون، کە زۆرینەیان خەڵکى رۆژئاواى کوردستان و سووریا و پارێزگاکانى عێراقن و لە هەولێر نیشتەجێن".

ئەوەشى خستەڕوو" ئەو کەسانەشى کە دەستگیر دەکرێن بەپێى ماددەى 390 لە یاساى سزادان دادگایی دەکرێن، ئەو کەسانەى جارى یەکەمیان بێ بۆ ماوەى 15 رۆژ بەند دەکرێن، ئەو کەسانەشى دووبارەى بکەنەوە سێ مانگ بەند دەکرێن".