پسپۆرێکی ئابووری ئاماژە بە ئەوە دەکات کە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر سەرجەم سێکتەرە ئابوورییەکان و بەتایبەت بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی لاواز کردووە، هەروەها دابەزینی نرخی دیناری عێراقیش بەرامبەر بە دۆلار هێندەی دیکە کاریگەرییەکەی زیاتر کردووە.
فەلاح هانزۆ، پسپۆری ئابووری و سەرۆکی کۆمەڵەی بازرگانی و ڕۆشنبیری چینی کوردستانی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر سەرجەم سێکتەرە ئابوورییەکان، بەتایبەت ئەو کەلوپەلانەی کە پێویست نین و کەم بەکاردەهێندرێن وەکو کەلوپەلی ئارایشت و کەلوپەلی ناو ماڵ، لەبەرامبەریشدا بووەتە هۆی زیادبوونی هاتنی ماددە خۆراکییەکان کە پێویستن بۆ هاووڵاتیان، بەڵام بەڕێژەیەکی بەرچاو بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کەم کردووەتەوە و لەمەودواش زیاتر کاریگەری دەبێت لەبەرئەوەی گومرگ و باجێکی زۆر چووەتە سەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بەتایبەت ئەو ئۆتۆمبێلە مۆدێل نوێیانەی کە لە ڕێگان بگەنە هەرێمی کوردستان".
ناوبراو دەشڵێ: "تا ئێستا نەمانتوانیوە دەرەنجام و لێکەوتەکان بە ڕوونی ببینین، چونکە هێشتا کاریگەرییەکان تەواو نەبوونە، بەڵام دەتوانین بڵێین پەتای کۆڕۆنا لەسەر بەشێک لە سێکتەرەکان کاریگەری باشی هەبووە، بەپێچەوانەوە بۆ بەشێکی تریان کاریگەری نەرێنی هەبووە".
راشیگەیاند: "هاوکات دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار لەم چەند ڕۆژانەی دواییدا کاریگەری نەرێنی لەسەر سەرجەم سێکتەرە ئابوورییەکان دروست کردووە و بەگشتی ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی ئابووری پێویستی بە چەند مانگێک دەبێت تاوەکو هاووڵاتیانیش گۆڕانکارییەکان قبوڵ دەکەن و لەگەڵ بارودۆخەکە خۆیان ڕادەهێنن".