هەرێمی كوردستان و پۆڵۆنیا لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵادا هاوئاهەنگی دەكەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هەرێمی كوردستان و پۆڵۆنیا لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵادا هاوئاهەنگی دەكەن

ئەمڕۆ چوارشەممە زیاد رەئوف نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا لەگەڵ مۆنیکا پەبۆژی بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی وەزارەتی پەروەردە و زانستی پۆڵۆنیا و جێگرەكەی كۆبووەوە، ئەمەش بە مەبەستی تاوتوێكردنی هاوئاهەنگیی پەروەردەیی و خوێندنی باڵا لە نێوان هەرێمی كوردستان و پۆڵۆنیا.

لە کۆبوونەوەکەدا زیاد رەئوف مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و پۆڵۆنیای باس كرد كە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٣، ئەو كاتەی شاندی زانكۆكانی كوردستان سەردانی پۆڵۆنیایان كرد بە مەبەستی ڕێككەوتنامەی نێوان زانكۆكانی پۆڵۆنیا و ھەرێمی كوردستان، دواتر دەستەیەك لە قوتابیانی هەرێمی كوردستان سەركەوتووانە خوێندنی دكتۆرایان لە پۆڵۆنیا تەواو كرد.

گوتیشی پاش دەستپێكردنی ئەو پەیوەندییانە، ئێستا ١٣ ڕێككەوتننامە لە نێوان هەرێمی كوردستان و پۆڵۆنیا ئیمزا و جێبەجێ كراون، دەیان شاندی زانستی ئالوگۆڕ كراون و زیاتر لە ١٠٠ قوتابیی كوردستان خوێندنیان لە پۆڵۆنیا تەواو كردووە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە چۆنیەتی فراوانکردنی هاوئاهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان پۆڵۆنیا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵادا. نوێنەری حكوومەتی هەرێم بانگهێشتنی وەزارەتی پەروەردە و زانستی پۆڵۆنیای کرد بۆ زیاتر بەشداریکردنیان لە پێشانگای نێودەوڵەتیی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، هەروەها داوای لێ کردن کەمپینێک ئەنجام بدەن بە ھاوكاری لەگەڵ كۆنسوڵگەی پۆڵۆنیا لە ھەولێر بۆ هاندانی قوتابیانی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوکردنی خوێندنیان لە پۆڵۆنیا و ئاسانكاری بكەن بۆ لادانی ھەموو كۆسپەكانی وەكو وەرگرتنی ڤیزا و كارتی نیشتەجێبوون بۆ قوتابیان.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا ڕێككەوتن لەسەر بەردەوامبوون لە پەیوەندییەکانیان بۆ پەرەپێدانی ھاوكاری و هاوئاهەنگیی هاوبەش.