كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەو منداڵانەی لە رووی دەروونییەوە تەندروستن

 

بە باوەڕی دەروونناسان، ئەو منداڵانە لە ڕووی دەروونییەوە تەندروستن، کە هەموو قۆناغەکانی گەشە و پەروەردەیان بەسەرکەوتوویی تێپەڕاندبێ و لەژێر کاریگەریی پەروەردەی دروست، بەشێکی گەورە لە کەسایەتیی دروست بووبێ. بێ گومان ئەم ئەرکە قورسە لە ئەستۆی دایکان و باوکاندایە، چونکە ئەوان بە هەڵسوکەوتی دروست و هەڵەی خۆیان، بەرد و  بناغەی پەروەردە و کەسایەتیی ئەو دروست دەکەن.

بەڵام چ منداڵێک لە رووی دەروونییەوە تەندروستە و ئەو منداڵانە چ تایبەتمەندییەکیان هەیە؟ بێ گومان ئەم منداڵانە پڕاوپڕن لە هیوا و ئۆمێد بە ژیان، لە لای ئەوان مەحاڵ وجوودی نییە. ئەم منداڵانە هەمیشە شاد و خۆشحاڵن و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان تێدەکۆشن. منداڵی تەندروست خۆی خۆشدەوێ و وێڕای خۆی خەڵکیشی خۆش دەوێ. ئەو کەسێکە لەگەڵ هاوڕێیەکانی ساز و تەبایە و زیاتر حەزی لە کار و یارییەکە، کە لەگەڵ کەسانیتر ئەنجامی بدات. ڕقی لە تەنیاییە و هەمیشە حەزی لێیە لەناو کۆڕی خانەوادە و هاوڕێیەکانیدا بێت. تایبەتمەندیی دیکەی ئەم جۆرە منداڵانە ئەوەیە، عیزەتی نەفسیان زۆرە، هەروەها متمانەی پێویستیان بە خۆیان و تواناکانیان هەیە و هەستی باوەڕبەخۆبوونیان زاڵە بەسەردا و ئیشەکان بە نیوەچڵی جێناهێڵن و ترسیان لە شکست نییە.