ئەمشەوی چوارشەممە گوتهبێژێك له سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان وەڵامی لێدوانی سەركردەیەكی پەیەدەی دایەوە.
لە وەڵامی گوتەبێژەكەدا هاتووە "ڕۆژی سێشەممە ئالدار خەلیل ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتيی PYD لە چاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامهوانيدا باسی لە دانوستاندنی نێوان ئەنەکەسە و PYD کردووه و هێزی پێشمەرگەی ڕۆژى بە بەکرێگیراوی دەوڵەتی تورکی لەقەڵەم دابوو. ناوبراو باش دەزانێت و ئاگادارە کە قارەمانانی پێشمەرگەی ڕۆژ لە سەرەتای دروستبوونیانەوە تا ئەمڕۆ لە سەنگەری پێشەوەی پاراستنی خاکی کوردستاندا بوونە، لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا بە دهیان شەهید و برینداریان داوە و هیچ نیشتمانپەروەرێکی خاوەن ویژدان لەبیریان ناکات".
گوتەبێژەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئاماژەشی بەوە داوە "ئەم جۆرە لێدوان و تۆمەتانه زیانگەیاندنە بە یەکڕیزی و مەرامی سەرەکی لێی تێکدانی گفتوگۆى نێوان لایەنە کوردییەکانە، ئاشکراشە هەر کات باس لە بەکرێگیراوی دەکرێت، خەڵک يهكسهر کێی بە بیر دێتەوە، کردەوە و مێژوو و ڕووداوەکان گەواهیی ئەوەن ئاخۆ کێ بەکرێگیراوی ئەم و ئەو بوو".