پەکەکە و حەشدی شەعبی لە شنگال کار لەسەر ئەوە دەکەن ئاوارە ئێزیدیەکان نەتوانن دەنگ بدەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەکەکە و حەشدی شەعبی لە شنگال کار لەسەر ئەوە دەکەن ئاوارە ئێزیدیەکان نەتوانن دەنگ بدەن

قادر قاچاخ: ئەگەر سندوقی هەڵبژاردن بۆ ئاوارەکان دانەنرێت هەڵبژاردن لە شنگال شەرعیەتی نابێت

زیاتر لە 80٪ی کوردانی ئێزیدی لەبەر ڕەوشی ناسەقامگیری سنوورەکە و جێبەجێنەکردنی رێکەوتنی شنگال و هەبوونی میلیشیاکان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و شوێنی ژیانی خۆیان، هاوکات پەکەکە و حەشدی شەعبیش لە شنگال کار لەسەر ئەوە دەکەن ئاوارە ئێزیدیەکان نەتوانن دەنگ بدەن، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموکراتی کوردستانیش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەگەر ئاوارەکان دەنگ نەدەن هەڵبژاردن لە شنگال هیچ شەرعیەتێکی یاسایی نابێت.

لە چەند رۆژی رابردوو مەحما خەلیل قایمقامی شنگال ئاشکرای کرد هەتا ئێستا داتا و ئاماری تۆماری دەنگدەرانی شنگال بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، ڕادەستی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن نەکراوە و ئەمەش مەترسییە لەسەر فەوتانی دەنگی هاووڵاتییانی ئەو سنوورە.

مەحما خەلیل ئاشکراشی کرد “ئێستا خەڵکی شنگال و بەتایبەتی کوردانی ئێزیدی لەبەر ڕەوشی ناسەقامگیری سنوورەکە ناوێرن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و شوێنی ژیانی خۆیان و بێبەشبوونیان لە مافی دەنگدان و بەشداری لە هەڵبژاردن، دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمیی بەغدا کە هەتا ئێستا نەیتوانیوە ڕەوشی شنگال ئارام بکات و خەڵک دڵنیا بن و بگەڕێنەوە شوێنی ژیانی خۆیان”.

هاوکات (باسنیوز) لەسەرچاوەی ئاگەدارەوە زانیویەتی پەکەکە و حەشدی شەعبی کار لەسەر ئەوە دەکەن دەنگدان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق تەنیا لەناو شنگالدا بکرێت، ئەوەش وەکو فشارێک بێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئەوەی نەگەڕایەوە لە مافی دەنگدان بێبەش بکرێن.

بەڵام، قادر قاچاخ، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند، نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگال پەیوەندی بەو بارودۆخەوە هەیە کە پەکەکە و حەشدی شەعبی بۆ (شنگال)یان دروستکردوە، گووتی ”زیاتر لە 80٪ی ئێزیدیەکان تاوەکو ئێستا لە کامپەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە، وابڕیاربوو شنگالیەکان لە ناو شارەکەی خۆیان دەنگ بدەن و ڕێکەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە پێش هەڵبژاردن جێبەجێبکرێ، بەڵام کە نەکراوە ئەوە مافی ئاوارەکانە سندوقی دەنگدانیان وەکو جارانی پێشوو بۆیان لەناو کەمپەکان دابنرێت“.

هەروەها گووتیشی ”ئەگەر بێت و سندوق لە کەمپەکان نەبێت و ئاوارەکانی شارەکە نەتوانن دەنگ بدەن، ئەوە هەڵبژاردن بۆ شنگال هیچ شەرعیەتێکی یاسایی نابێت، چونکە سەرەڕای ئەوەش حەشدی شەعبی و پەکەکە بۆیان بکرێ تەزویر بۆ هەڵبژاردنەکە دەکەن، پێشتریش هەوڵی وا هەبووە، بەڵام لەبەرئەوەی کەمینەن دەنگەکانیان و تەزویرەکانیشیان هیچ کاریگەری نابێت“.