قوربانییەکی دیکەی تەکنەلۆژیا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

قوربانییەکی دیکەی تەکنەلۆژیا

 

بە ناونیشانی ساختەی تیکتۆک، ماوەی دوو ساڵە هەڵخەڵەتاوە، ئێستا، کە دەشزانێت فێڵی لێ کراوە، وەک ئالوودەبوویەک بۆ ئەو پیاوە دەگریێت.

هاوژین کچێکی تەمەن سی ساڵە، لە خێزانێکی دوازدە کەسییە. دایکی دەڵێت: "دەمێکە هەست دەکەم ئەم کچەی من زیاد لە پێویست هۆگری مۆبایلەکەیەتی، بەڵام نەمدەزانی ئەوەندە ساویلکەیە، ئەشقی کەسێک دەبێت، کە هێشتا نەیبینیوە".

هاوژین لەبارەی ناسنامەی کوڕەکە گوتی: "ماوەی دوو ساڵە قسە لەگەڵ ئەو کوڕە دەکەم، سەرەتا لە فەیسبووک، دواتریش لە تیکتۆک، راستە نەمبینیوە، بەڵام خۆشم ویست".

دایکی کچەکە گوتی: "لەمێژە کچەکەم مۆبایلی هەیە. هەمیشە متمانەم پێی بوو. پێم وابوو دڵی نەشکێنم باشترە، هەموو مەبەستم ئەوە بوو درۆم لەگەڵ نەکات، بەڵام ئێستا هەست دەکەم درۆ لەگەڵ خۆیشی دەکات".

کاتێک پرسیارم لە هاوژین کرد، چۆن متمانە بە کەسێک دەکەی، کە نایناسی و قەت رووبەڕوو نەتبینیوە، گوتی: "راستە نەمبینیوە، بەڵام ئێستاش پێم وانییە درۆم لەگەڵ بکات". لە وەڵامی ئەوەی، کە بۆچی لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا ئەو کوڕە تەنیا جارێکیش نەهاتووە بیبینێت، گوتی: "مەشغووڵە".

بەپێی ئەو ژمارە تەلەفۆنەی لەسەر پڕۆفایل و فەیسبووکی ئەو کوڕە هەیە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەند ئەکاونتێکی هەیە، کاتێک پەیوەندیمان بە ژمارە تەلەفۆنەکەی کرد، داخرابوو.

ئێستا هاوژین لە لایەن دایکیەوە مۆبایلەکەی لێ زەوت کراوە، ناشهێڵێت سەردانی هیچ شوێنێک بکات. هاوژینیش وەڵامی پرسیارەکان ناداتەوە و خوشکەکی دەڵێت: "وەکوو جاران نانیش ناخوات، بۆیە ئێمەی نیگەران کردووە".

هەتاو ئەحمەد، توێژەری کۆمەڵایەتی، لەبارەی کێشەی هاوژین دەڵێت: "زۆر جۆری ئالوودەبوون هەیە، وەکوو ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، جگەرە، رەنگ، مۆبایل، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆژیا. ئەو حاڵەتەی هاوژین ئالوودەبوونە بە کەسێک، واتە ئەم ئالوودەی قسەکردن بووە لەگەڵ ئەو کوڕە، بۆیە دەبێ هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵی بن، تا کاریگەریی پچڕانی ئەم پەیوەندییەی لەسەر نامێنێت".

سەبارەت بە کێشەی ئالوودەبوون بە کەس، هەتاو دەڵێت: "ئەم جۆرە لە ئالوودەبوون ئەوەیە، کە تۆ کەسێک نەبینی، یان قسەی لەگەڵ نەکەی، بەتایبەت ئێستا ئەم جۆرە لە ئالوودەبوون بەهۆی تەکنەلۆژیاوە ئاسان بووە. بۆیە دەبێ کەسەکان بزانن، ئەمە ئەشق و خۆشەویستی نییە، زیاتر ئالوودەبوونە بە کەسێکی دیکەوە".

دایکی هاوژین هەم تووڕە و هەم خەمخۆری کچەکەیەتی، پێی وایە دۆخی دەروونی، یان عەقڵی کچەکەی دەبێ کێشەی هەبێت، ئەگەر نا چۆن دوو ساڵ بەدیار کەسێکەوەیە و قسەی لەگەڵ دەکات، کە نەیبینیوە: "دەمەوێ رێگایەکم بۆ دابنێی، بیبەمە کوێ، یان لای کێ، چ دکتۆرێک باشە؟ چونکە گومان لە دروستیی عەقڵ و دەروونی کچەکەم دەکەم، پێشتریش بەڵێنی بە من دا، کە ئەم پەیوەندییە نەهێڵێ، بەڵام باش دەزانێ هەڵەیە و هەر بەردەوامیش بووە!".