لە ھەردووكیاندا دەردەكەوێت كە بێقیمەت سەیر كراون!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە ھەردووكیاندا دەردەكەوێت كە بێقیمەت سەیر كراون!

لەدوای ڕاگەیاندنی فراكسیۆنە 15 كەسیەكەیان لە پەرلەمانی عێراقدا و خۆجیاكردنەوەیان لە كورد، خالیدی بە ئەسڵ ئیخوان ناسراو بە (ھۆشیار عەبدوڵا) ھەر لە ئێستاوە و بۆ موزایەدە و خۆدەرخستن و ڕێكلامكردن بۆ خۆی و گرووپە 15 كەسیەكەیان، لەو ھەڵبژاردنانەی كە بڕیارە لە 6ی حوزەیرانی ئەمساڵدا بكرێت و گوایە بەرگری لە ماف و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان لەناو بودجەی عێراقدا دەكەن، دەڵێت: ئەمڕۆ 12 – 1 لە كاتژمێر 11:00 بەیانییەوە تا 8:30-ی شەو لە دەرەوەی تەلاری پەرلەمان لیژنەی دارایی سەرقاڵی گفتوگۆی بودجە بووین و لەو چوارچێوەیەدا پێشنیارێكی باشمان لەبارەی پشكی هەرێمەوە پێشكەشی لیژنەی دارایی كرد.

خالید (هۆشیار عەبدوڵا) دەشڵێت: داوامان كرد پشكی هەرێم بە خشتەیەك لەسەر بنەمای داتای وەزارەتی پلاندانان جیا بكرێتەوە و دیار بێت پشكی هەرێمی كوردستان لە ئاستی پارێزگاكاندا چۆن دابەش كراوە. خالید درێژەی دەداتێ و دەیڕێسێ و دەشڵێت: (كوتلە شیعییەكان لەبارەی پشكی هەرێم دوو بۆچوونیان هەیە كە یەكێكیان ئەوەیە هەمان دەقی قانوونی پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی دابنرێتەوە و بۆچوونی دووەم ئەوەیە بە تەنسیق لەگەڵ هەرێم هەموو مەلەفی نەوت چارەسەر بكرێت) ئینجا وەرن با بەیەكەوە ئەو لێدوانانەی ئەم خالیدە ھۆشیارە! شی بكەینەوە بۆ ئەوەی بزانین لە كۆتاییدا دەگەینە چی؟

1- جارێ سەبارەت بەوەی كە دەڵێت پێشنیازێكی باشمان كردووە كە لەسەر بنەمای داتای وەزارەتی پلاندانان جیا بكرێتەوە و دیار بێت پشكی هەرێمی كوردستان لە ئاستی پارێزگاكاندا چۆن دابەش كراوە؟ لەڕاستیدا ئەم پێشنیازە ھی خالیدە ھۆشیار و برادەرەكانی نیە و تازەش نیە، چونكە عێراق خۆی ھەر كاتێك بودجەی ساڵانەی ھەرێمی كوردستانی دیاری كردبێت، یان پشتی بەستووە بە ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانان یان بە ئاماری ئەو فۆرمی بایەعیەی كە لە وەزارەتی بازرگانی ھەبووە، بەڵام ھەر ئامارێكیان كەمتری بۆ ھەرێم تیابووبێت ئەوان ئەوەیان سەپاندووە و بەو خۆسەپادنەشەوە ھیچ ساڵێك ئامادە نەبوون ھەموو شاییستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان بنێرن و ھەندێك ساڵیش بەگوێرەی ئەوەی كە خۆیشیان بۆ ھەرێمی كوردستانیان داناوە، یەك دیناریان بۆ ھەرێمی كوردستان نەناردووە.

جا لەمەش خۆشتر، ئەم خالیدە ھۆشیارە عەقڵی بەوە ناشكێت كە ئەو پێشنیازە كۆنەش كە ئەمان وەك پێشنیازی تازە و تایبەت بە خۆیان دەیخەنە ڕوو پشتگوێ خراوە و بێقیمەت سەیر كراوە چونكە ئەوەتا ھەر خۆی دەڵێت: (كوتلە شیعییەكان لەبارەی پشكی هەرێم دوو بۆچوونیان هەیە، یەكێكیان ئەوەیە هەمان دەقی قانوونی پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی دابنرێتەوە و بۆچوونی دووەم ئەوەیە بە تەنسیق لەگەڵ هەرێم هەموو دۆسێی نەوت چارەسەر بكرێت)

كەواتە بە گوێرەی ئەم دانپیانانەی خالیدە ھۆشیار! بۆچوونی یەكەمی ناو كوتلە شیعیەكان ھەمان بۆچوونی خۆسەپاندنەوەی ئەو كاتەیە كە یاسای كورتھێنانی بودجە، ئەوەی كە بە یاسای قەرز ناسراوە و بەبێ فراكسیۆنە كوردستانیەكان لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێنرا و بۆچوونی دووەمیش ئەوەیە كە بە تەنسیق لەگەڵ ھەرێم ھەموو دۆسێی نەوت چارەسەر بكرێت، كەواتە لە ھەردوو بۆچوونەكەدا ھیچ قیمەتێك بۆ ئەوە دانەنراوە كە ھۆشیار ناوی پێشنیازی لێ ناوە، بەتایبەتییش لەناو بۆچوونی دووەمی شیعەكاندا ڕاستەوخۆ بە ھۆشیار گوتراوە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان تەنسیق دەكەین، واتە ھۆشیار تۆ خۆت و برادەرەكانت فەرماییشتتان فەرموو تێر تێر شەكریشتان خوارد!

2- وەك ھاووڵاتیەكی كوردستان و بەقەدەر ئەوەی ئاگاداری مێژووی سیاسیی نەتەوەی خۆمم و ئەوەندەشی خۆم بینیومە، ئەوەی خۆی لە نەتەوەی خۆی جیا كردبێتەوە و بووبێتە جاش و وایزانیبێت بە جاشایەتی دەتوانێت بۆی بچێتە سەر! جگە لەوەی كە لای داگیركەرانی كوردستان بێقیمەت سەیر كراوە، لە ئەنجامیشدا ئەو جاشانە ھەڵوەشێنراون. بۆیە بڕوا ناكەم ھۆشیار و برادەرەكانی لەو جاشانە بەقیمەتتر بن كە لەناو مێژووی سیاسیی كوردستاندا ھەبوون و چارەنووسیشیان لەوان باشتر بێت. باسی پارە و سەروەت و سامان ناكەم باسی كەرامەت و قیمەت دەكەم، قیمەت!