كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
مەولود سەعدی عەلی بڕنۆ 13/01/2021

هەرێمێکی پڕ هیوا و بە خوێن دروستکراو

هەرێمێکی تەمەن سێ دەیە، بەڵام گەورەتر لە تەمەنی خۆی لەڕووی گەشە و پێشڤەچوونەوە، هەرێمێک ئارام لەڕووی سەقامگیری و دڵگیر لەڕووی جوانی و پێشكەوتوو لەڕووی ئاوەدانیەوە، هەرێمێک نموونەی پێکەوەژیانی فرەئایینی و پێكهاتەی جیاواز و وردە کولتوورە جیاوازەکان، کە توانی بە ماوەیەکی کەم سەرنج و متمانەی زۆربەی وڵاتان و میدیاكانی دونیا بۆ خۆی ڕابکێشێت و باڵوێز و كونسوڵخانەی خۆیان لە هەرێمی كوردستان دامەزرێنن و هەروەها سەرمایەی دارایی و مرۆیی خۆیانی تیادا وەگەڕ بخەن.

هەرێمێک هەموو شێوازەکانی دڕندایەتی و جینۆسایدی لەسەر تاقی کراوەتەوە، هەرێمێک کە چەندین ساڵە کێشەی نەتەوەیی و نیشتیمانیی هەیە، بەڵام قەت رۆژێک لە رۆژان بێهیوا نەبووە و کۆڵی نەداوە، بۆیە بەردەوام بووە لە خەبات و تێکۆشان لەپێناو خاک و گەلەکەی، ئەویش لەژێر سایەو سێبەری سەرۆک و پێشمەرگەی خاكی جەنابی سەرۆک بارزانی.

هەموو گەلانی دونیا بۆ ڕزگاربوون لە دەست ستەم و زۆڵمی داگیرکەران، کەسایەتیەکی شۆڕشگێڕی خاوەن تایبەتمەندیی کاریزمایی یان گرووپ و بنەماڵەیەک، سەرکردایەتیی بزووتنەوەیەکی جەماوەری و چەکدارییان کردووە، هەروەها قوربانیەکی زۆریان داوە تاوەکوو خاک و گەلەکەی لەو دۆخە سەخت و دژوارە ڕزگار بکات، بۆ ئەوەی هەموو بەیەکەوە هەوای ئازادی لە قەوارەیەکی ئازاد هەڵمژن، دواتریش بوون بە ڕەمز و سیمبولی ئازادیی نەتەوەکەیان.

هەرێمی کوردستانیش لەسەر دەستی بنەماڵەی بارزانی و کەسایەتیی کاریزمایی خودی جەنابی سەرۆک، توانیان هەرێمی کوردستان، لە ناوچەیەک کە مەڵبەندی شەڕی دوژمنانی کورد بوو هەروەها ناوچەیەک بوو کە هەر چوار دەوری بە دوژمنی سەرسەختی کورد دەورە درابوو، بگۆرن بە ناوچە و هەرێمێکی ئارام و پێشکەوتوو کە نەک هەر تەنیا بۆ هاووڵاتیانی خودی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو بووەتە جێگای حەوانەوەی کوردانی پارچەکانی تری کوردستانیش، بێگومان ئەمەش دوای قوربانیدانێکی زۆری پێشمەرگە و رۆڵە بەوەفاكانی كوردستان، ئەم ڕەوشە هاتووەتە کایەوە.

بەڵام ئەمڕۆ دوژمنانی کورد بەتایبەت هەندێک لایەنی عێراقیی شۆڤێنی و لایەنی عەرەبیی شیعی، چاویان بەو پێشکەوتن و ئارامی و ئاوەدانییە هەڵنایەت، چونکە ئێستا دەبینن کە هەرێمی کوردستان بووەتە مەڵبەندی گەشتوگوزار بۆ هاووڵاتیانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، هەروەها هاووڵاتیە عەرەبەکان، ئەو جیاوازییە گەورەیەی لەڕووی پێشکەوتن و ئاوەدانی و ئارامیەوە دەبینن، بۆیان دەرکەوتووە کە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان بەسەرکردایەتیی لایەنە عەرەبیە شیعەکان، نغرۆی چ گەندەڵی و بەهەدەردانێکی سامانی وڵات بوونە.

بۆیە دەیانەوێت هەر چۆنێک بێت بەهاوکاریی تاقمێک لە خۆفرۆشانی کورد و بە پاڵپشتیی هەندێک دەوڵەتی ئیقلیمی، بەر بەو پێشکەوتن و ئاوەدانی و ئارامیە بگرن، چونکە شۆکی لایەنە عێراقی و عەرەبیە شیعییەکان، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە پایتەختی هەرێمێکی تەمەن سێ دەیە چۆن دەبێ لە پایتەختی وڵاتێکی تەمەن سەد ساڵە جوانتر و پێشکەوتوو تر و ئاوەدانتر بێت، لەگەڵ ئەوەشدا گرووپێک بە سپۆنسەریی دوژمنانی کورد، بانگەشەی هەرێمێکی تر یاخود گەڕانەوەیان بۆ سەر بەغدا دەکەن، کە گوایە داواکاریی بەشێک لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە نەک ئاغاکانیان.

ئەوانە بە عەقڵی کاڵی خۆیان دەیانەوێت بەو جۆرە ئەزموون و قەوارەی هەرێمی کوردستان بخەنە مەترسییەوە، بەڵام هەموویان بێئاگان لەوەی کە ئاسنی سارد دەکوتن، چونکە هەرێمی کوردستان خاوەن مەرجەعیەتێکە کە ئیرادە و مۆڕاڵی لە شاخەکانی  هەرێمی کوردستان بەرزتر و بەهێزترە، لەگەڵ ئەوەشدا جێگەی متمانەی زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستانە، هەروەها سەنگ و ڕێزێکی یەکجار زۆری لەلای سەرۆک و سەرکردە جیهانیەکان هەیە، بۆیە هەرێمی کوردستان لەو پڕۆسەی پێشکەوتن و ئاوەدانیە هەرگیز پاشەکشە ناکات و هەروەها هیچ لایەن و هیچ کەسێک ناتوانێت پێش بەو پڕۆسەیە بگرێت، چونکە هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، هێڵی سوورە بۆ هەموو جۆرە دەستدرێژییەک، هەروەک جەنابی سەرۆک فەرمووی سنورەکانی هەرێمی کوردستان بە خوێن نەخشێندراوە.