كارگە خۆماڵییەكان هەلی كاریان بۆ 12 هەزار كەس ڕەخساندووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

كارگە خۆماڵییەكان هەلی كاریان بۆ 12 هەزار كەس ڕەخساندووە

 ئەو مۆڵەتانەی بۆ دامەزراندنی كارگە لە هەرێمی كوردستان دراون، بۆ 3 هەزار و 851 كارگەیە، بەڵام ئەو كارگانەی كار دەكەن و بەرهەمدارن هەزار و 461 كارگەن، كە بەهۆیانەوە زیاتر لە 12 هەزار هەلی كار رەخساوە، 11هەزار و 229 هەلی كاریش بەهۆی داخراویی كارگەكان لەدەست دراوە.

بەپێی ئامارێكی فەرمیی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان،  كە دەست (باسنیوز) كەوتووە، تا ئێستا 3 هەزار و 851 كارگە مۆڵەتیان پێ دراوە، بەڵام ئەوانەی لە كار دان و بەرهەمیان هەیە، ژمارەیان یەك هەزار و 461 كارگەیە، ئەوانی داشخراون و بێكارن، ژمارەیان 2 هەزار و 390 كارگەیە.

لە هەولێر 2 هەزار و 469 كارگە مۆڵەت دراون، لەو ژمارەیە 690 كارگە كار دەكەن، 1779 كارگەشیان كار ناكەن.

بەپێی ئامارەكە: لە سلێمانی 1021 كارگە مۆڵەتیان پێ دراوە و تەنیا 555 كارگەیان كار دەكەن و 466 كارگەشیان كار ناكەن.

لە دهۆك، لە 361 كارگەی مۆڵەت پێدراو، تەنیا 216 كارگەیان كار دەكەن، 145 كارگەشیان داخراون و بێكارن.

هەر بەپێی داتاكان، ئەگەر هەموو كارگەكان لە هەرێمی كوردستان كار بكەن، 24 هەزار و 114هەلی كار دەڕەخسێت، بەڵام ئێستا 12 هەزار و 729 هەلی كار لەو كارگانە هەیە، 11هەزار و 389 هەلی كاریش بەهۆی داخراویی كارگەكان، لەدەست دراوە.

بەپێی ئامارەكە، زۆرترین هەلی كار لە كارگەكانی هەولێر و سلێمانییە.

لەو ئامارە دەردەكەوێت، بەگشتی لەو كارگەكانەی كاریان تێدا دەكرێت، نزیكەی 254 ملیار دینار وەك سەرمایەی خۆماڵی لە هەرێمی كوردستان خراوەتە گەڕ، ئەگەر كارگە لەكاركەوتووەكانیش لەكاردا بن، ئەوا زیاتر لە 914 ملیار دیناری تریش سەرمایەگوزار دەكرێت.

فەتحی محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “كارگەی گەورە و بچووك لە كاركردن بەردەوامن، كە لە بوارە جیاوازەكانی بازرگانیدا كار دەكەن، بەڵام ژمارەیەكیش لە كارگە مۆڵەتپێدراوەكان كار ناكەن و داخراون".

سەبارەت بە هۆكاری داخستن و كارنەكردنی ئەو كارگانە، ئەو گوتی: "هەندێكیان نەیانتوانیوە كێبڕكێی بەرهەمی دەرەكی و بازاڕ بكەن، هەندێكی تریش پەیوەستە بە كێشەی دارایی و قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان، هەندێكی تریش پەیوەندیی بەوە هەیە، ئامێر و كەره‌ستەكانیان دانەمەزراندووە و تەنیا مۆڵەتیان وەرگرتووە".

گوتەبێژەكەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ئەوەشی خستە ڕوو، بە هەموو توانایەكیان پشتیوانیی كارگە خۆماڵییەكان دەكەن و ئاسانكارییان بۆ دەكەن، لە دامەزراندن و هێنانی ئامێر و پێداویستییەكانیان، بۆ ئەوەی بتوانن بەرهەمیان هەبێت و هەلی كار بڕەخسێنن.