لە خانەسۆر گرووپە چەکدارەکان قاچاغی بە چەک و مادە هۆشبەرەکانەوە دەکەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە خانەسۆر گرووپە چەکدارەکان قاچاغی بە چەک و مادە هۆشبەرەکانەوە دەکەن

بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی لە خانەسۆری قەزای شنگال ڕای گەیاند، چەندین گرووپی چەکدار لەناو ناحیەی خانەسۆر ماون، لەبەر ئەوەی هاوسنووری ڕۆژئاوای کوردستانە بە شەوانە ئەو گرووپانە کاری نایاسایی و قاچاغی بە چەک و مادە هۆشبەرەکانەوە دەکەن و خەڵکیان هەراسان کردووە.

فەیسەڵ قاسم بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی سەر بە قەزای شنگال بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "شەوانە لەناو سەنتەری ناحیەکەدا هاووڵاتییان لە ترسی گرووپە چەکدارەکان ناوێرن دەربکەون، چونکە ئەوانە شەوانە دەست دەکەنە کاری قاچاغی و کاری نایاسایی و تەنانەت کەلوپەل و مادەی قاچاغیش دەهێننە سنووری شنگال و مامەڵەی پێوە دەکەن".

ئاماژەی بەوەش کرد: "تەنانەت ئەو گرووپانە لە سنووری شنگال و ڕۆژئاوای کوردستان بازرگانی بە چەک و مادە هۆشبەرەکانیشەوە دەکەن و ئێستا هەموو خەڵکی خانەسۆر گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتە کە ئەو گرووپە چەکدارانە بۆ خزمەتی خەڵک نەهاتوونەتە ئەو ناوچەیە بەڵکوو بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و تێکدانەی ڕەوشی ناوچەکە لەوێ جێگیر بوون".

بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی لە خانەسۆر گوتیشی: "زیاتر لە هەزار خێزانی هاووڵاتییان گەڕاونەتەوە خانەسۆر، هەمووشیان لەبەر ناچاری گەڕاونەتەوە، چونکە بەشێکی زۆریان فەرمانبەری حکوومەتی عێراقی بوون و لەبەر مووچەکەانیان گەڕاونەتەوە، بەڵام ئێستا لەبەر هەڵسوکەوتی ئەو گرووپە چەکداران زۆر بێزار بوون."