شەوی رابردوو، فڕۆکەکانی ئیسرائیل پێگە و کۆگاکانی چەکی سوپای سووریا و گرووپهكانی سەر بە ئێرانی لە رۆژهەڵاتی سووریا بۆردومان کرد و بەپێی سەرچاوەکان، لانی کەم 16 کوژرا و هەیە، کە 5ـیان لە سوپای سووریا و 11شیان لە میلیشیاکانن.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رای گەیاند: ”شەوی رابردوو 18 هێرشی ئاسمانی کرانە سەر بارەگا و کۆگاکانی چەک لە شاری دێرهزور تا سنووری سووریا - عێراق لە ناوچەی ئەلبوکەمال“.
ئاشكراشی كرد، كه تا ئێستا 16 کوژراو هەیە، 5یان لە هێزەکانی سوپای سووریا و 11شیان لە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانن“.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە: ”هێرشەکە بووەتە هۆی خاپوورکردنی کۆگاکانی چەک و بارەگا و بنکەکانی راهێنانی گرووپهكانی سهر به سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی و فاتمیوون“.
ئاژانسی (سانا)ی فەرمیی حکوومەتی سووریا دانی بەوەدانا، کە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە شاری دێرزور و ناوچەی ئەلبوکەمال لە باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگاکە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە زیانە گیانی و مادییەکان بکا، بەڵام تا ئێستا ئیسرائیل بەرپرسیاریی هێرشەکەی نهگرتووهته ئهستۆ.
ئسرائیل چهندان جاررای گەیاندووە، کە بەردەوام دەبن لە لێدان و تێکشانکاندنی پێگە و بارەگاکانی سوپای سووریا و چهكدارانی سەر بە ئێران، تا ئەوکاتەی ئێران بەتەواوی لە سووریا دەچێتە دەرەوە. لە راپۆرتێکیشیدا بەر لە دوو هەفتە رای گەیاند، کە لە ساڵی 2020دا نزیکەی 50 ئامانجی لە سووریا تێک شکاندووە. ئەگەرچی ئاماژەی بە ئامانجەکان نەکرد، بەڵام نەیشاردەوە، کە لە 2011ەوە، لەو کاتەی ململانێ و شەڕ لە سووریا دەستی پێکردووە، سەدان پێگە و بارەگای هێزەکانی سوپای سووریا و چهكدارانی سەر بە ئێرانی کردووەتە ئامانجی مووشەکەکانی و تێکی شکاندوون.