سارا هۆشیار: ئافرەتبوون ڕێگر نییە لە بوون بە شاخەوانێکی سەرکەوتوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سارا هۆشیار: ئافرەتبوون ڕێگر نییە لە بوون بە شاخەوانێکی سەرکەوتوو

سارا هۆشیار، کچە وەرزشکارێکی دانیشتووی قەڵادزێیە و ماوەی چەند ساڵێکە وەرزشی شاخەوانی ئەنجام دەدات و لە دیدارێکیدا باس لە ئەزموونی خۆی و ڕۆڵی کچان لەو وەرزشەدا دەکات.

سارا بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "تا چەند ساڵیش پێش ئێستا ڕۆڵی کچان لە وەرزشی شاخەوانیدا لاواز بوو بەو مانایەی بەشداری وەرزشی شاخەوانیان نەدەکرد، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا کچمان ھەیە دەستەی دامەزرێنەری گروپی شاخەوانیە و ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەیە لە بەرەوپێشبردنی ئەو وەرزشەدا".

گوتیشی: "وەکو ھەموو کاروبارێکی تری ژیان ئەگەر کچان خۆیان خاوەن ئیرادە و ھێز و ویست بن دەتوانن ھەرچیەک کە خەونی پێوە دەبینن وەریبگێڕنە سەر ڕاستی، وەرزشی شاخەوانیش ھەمان شتە تەنیا پەیوەستە بە حەز و خولیای خۆتەوە و ھیچ کاتێک کچ بوون ڕێگر نییە لە بوون بە شاخەوانێکی سەرکەوتوو".

سارا دەشڵێ: "پسپۆڕی خۆم پەرەستارییە، بەڵام زۆر چێژ لە کەشوھەوای شاخ و کێو و دەشتەکان دەبینم و بە کەسانی پڕ وزە و بە ئەزموون ئاشنا دەبم لە شاخەوانیەکانماندا، هەروەها دیمەنی گەڵا وەریوەکانی پایز و داربەڕوویەک کە تێکەڵب وە لەگەڵ ئاسمانی شین و تەم و ھەوری وەرزی زستان و ئاوی سازگاری کانیاو و تاڤکەکان لە ھاویندا و ڕەنگی گوڵە کوێستانیەکان و سەوزی دار و دەشتەکان لە بەھاردا ئەم دیمەنانە ئاسوودەیمان پێ دەدەن و ژیانمان لەبەرچاو جوانتر دەکەن".


هەروەها گوتیشی: "ئومێدەوارم کچان ھەوڵبدەن بەشداری لە وەرزشی شاخەوانیدا بکەن و ڕۆژێکی جیاواز لە ڕۆژانی تریان بەڕێبکەن و کەمێک پوو بدەن بە مێشکیان و ببەنە خاوەنی جەستەیەکی تەندروست و بچن بۆ بینینی تابلۆکانی سروشت و بژین لەگەڵیدا".