٣٧ كەس لە پۆڵاند بەهۆی ڤاكسینی كۆرۆناوە ڕووبەڕووی كێشەی تەندروستی بوونەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

٣٧ كەس لە پۆڵاند بەهۆی ڤاكسینی كۆرۆناوە ڕووبەڕووی كێشەی تەندروستی بوونەوە

ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری تەندروستیی پۆڵاند ئاشكرای كرد ٣٧ هاووڵاتیی پۆڵاند دوای كوتانیان بە ڤاكسینی دژە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، ڕووبەڕووی كێشەی تەندروستی بوونەتەوە.

ئادام نیدزیلسكی وەزیری تەندروستیی پۆڵاند رایگەیاند بە پێی راپۆرتی گەورە پزیشكانی وڵاتەكەی، چەند كاریگەرییەكی لاوەكی ڤاكسینەكەیان لەسەر ٣٧ كەس بۆ دەركەوتووە.

گوتیشی ٣٢ كەس لەوانە كاریگەرییەكی لاوەكی كەمی ڤاكسینەكەیان لەسەر دەركەوتووە، چوار كەسیشیان كاریگەرییەكی مامناوەندی و یەكێكیشیان كاریگەرییەكی لاوەكیی توندی ڤاكسینەكەی لەسەر دەركەوتووە.

نیدزیلسكی ئاماژەی بە چۆنیەتی كاریگەرییە لاوەكییەكانی ڤاكسینەكە لەسەر ٣٧ كەسەكان نەداوە، ئاشكراشی نەكردووە كە كام لەو ڤاكسینانەیان بەكارهێناوە كە ئێستا لە ئەورووپادا دەست بە بەكارهێنانیان كراوە.

جێی باسە لە رۆژی ٢٧ی دیسەمبەری ساڵی رابردووەوە، پۆڵاند لەگەڵ وڵاتانی تری یەكێتیی ئەورووپا دەستی كرد بە هەڵمەتی كوتانی هاووڵاتییانی لە ڕێگەی ڤاكسینەكەی فایزەر و بیۆنتیكەوە، دواتریش حكوومەت رایگەیاند كە ڤاكسینەكەی كۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریكییش بەكاردێنن.