15 نازانم چی!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×


15 كەس كە پێشتر بە دەنگی بەشێك لە دەنگدەرانی كوردستان چوونە پەرلەمانی عێراق، فراكسیۆنێكیان بە ناوی (ھیوا!)وە پێكھێناوە، یەك ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی ئەو فراكسیۆنە، یەكێكیان بە ناوی سەركەوت شەمسەدین، وتارێكی نووسیوە كە جنێو بە كوردایەتی و ستراتیژی كوردایەتی و ئەوانەش دەدات كە كوردایەتیان كردووە و كوردایەتی دەكەن، وەھاشی دەخاتە ڕوو كە ئەوەی بەسەر كورد و كوردستاندا ھاتووە و ھەتا ئێستاش بەسەریدا دێت، ئەوە لەبەر كوردایەتی بووە و كوردایەتی ھۆكارەكەی بووە، ڕێك ئەوەی كە پێشتر بەعسیەكان بە كوردایەتیان دەگوت.

ئینجا ھەتا ئێستا ھیچ یەكێك لەو 14 برادەرەی تری سەركەوت، ھیچیان لەسەر ئەو وتارەی سەركەوتی برادەریان نەگوتووە و نەنووسیوە، كەواتە 14 برادەرەكەی تری سەركەوت بە ناوەڕۆكی ئەو وتارە ڕازین.

من ھیچ گومانم لە ئەندامەكانی كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامیی ناو ئەو 15 كەسە نیە كە وەك سەركەوت لە ناخی خۆیاندا دژی كوردایەتین، چونكە سروشتی ئایدۆلۆجیی ئەوان جێگەی نەتەوە و بیری نەتەوەیی تیا نابێتەوە و ئەوان كیشوەربڕن! برای ڕاستەقینەی ئەوان برای عەقیدەیە نەك ھاوبەش لە خاك و زمان و كولتوور و چارەنووس، دیسان گومانیشم لە سەركەوت و برادەرەكانی ناو حزبەكەی سەركەوت نیە كە دژی كوردایەتین، چونكە ھیچ نەبێت شتێك لە بازرگانی و سەفەقاتی بازرگانی لە حزبەكەیانەوە فێر بوون.

سەیریشم لە ھۆشیار عەبدوڵا نایەت، چونكە پێش ئەوەی ئەم ھۆشیارە یەكێتی و گۆڕان بێت ناوی (خالید) بوو خالیدیش لەو حەوزی پشدەر و بتوێنە ئیخوان بوو، كەواتە ئەسڵی ئەمیش ھەر دەچێتەوە سەر ئەسڵی موسەنا ئەمین و ئەحمەدی حاجی ڕەشید، گومانیشم لەو دوو ئەندام پەرلەمانەی تریش نیە كە پێشتر لەناو ھاوپەیمانیە كۆنەكەی بەرھەم ساڵحدا بوون كە ڕقیان لە كوردایەتی بێت، چونكە مەعقوول نیە ئەمانیش شتێك لەو ھەموو ھەڵبەز و دابەز و سەفقەیەی پێشتری سەرۆكی هاوپەیمانیەكەیان فێر نەبووبن كە حزب و نەتەوە و نیشتمان ھەر ھەمووی یەك پۆستی شەخسی ناھێنێت.

بەڵام سەیرم لەو باقیاتەی تریان دێت كە پێشتر لای خەڵك شانازییان بە خەبات و تێكۆشانی سەركردەكانی ناو حزبەكانی پێشوویانەوە دەكرد و كە باسی كوردایەتی بھاتایەتە ئارا نۆرەی كەسیان نەدەدا و دەیانگوت ئێمە نەك ھەر كوردایەتیمان كردووە، بەڵكوو داھێنانمان لە كوردایەتییشدا كردووە و ڕێبەرایەتیی جۆرە پێشكەوتووخوازەكەی كوردایەتییشمان كردووە.

جا باشە تۆ بڵێی كوردایەتیی پێشكەوتووخواز ئا ئەوە بێت كە ئێستا ئەوان لەگەڵ ئەحمەدی حاجی ڕەشید و موسەنا ئەمیندا دەیكەن و ئێمەمانان نەیزانین و دركی پێنەكەین؟! بۆچی نا؟ كە عێراقێك وەھای لێ بێت ڕەوتی سەدر و حزبی شیوعی لە یەك لیستدا بن، ئەی بۆچی كوردایەتیی پێشكەوتووخوازیش لەگەڵ ئەحمەدی حاجی ڕەشید و موسەنا ئەمیندا نەكرێت؟ خۆ بە گاڵتە ناڵێن عێراق لە هەزار لاوە بووەتە وێرانە!