دڵی خەڵك و پۆلیس
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەی چۆن ئارامی لە دەستی پۆلیسەوە دەچێتە ناو دڵی كۆمەڵگە؟
دوو نموونەی بڵاوی پۆلیس لە سەر ئاستی جیهان هەن.

یەكەم: ئەو وڵاتانەی كە ئەركی پۆلیسیان لە دەزگایەكی پاراستنی هێمنیی كۆمەڵایەتی گۆڕیوە بۆ دەزگایەكی داپڵۆسێنەر و وێرانكەر. لەو دەسەڵاتەنادا پۆلیس ئامێرێكە بۆ سەركوتكردنی خەڵك و دژی بەرژەوەندییە گشتییەكان بەكار دێت، ئەو جۆرەیان بابەتی وتارەكەی من نییە.
دووەم: پۆلیسی ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە كە دەوڵەتی مەدەنی بەڕێوەیان دەبات و پۆلیس ئەداتی جێبەجێكردنی بڕیاری دادگا و دادوەرەكانە.

پۆلیس و دادگا
ڕاستە باڵی دیار و كارگەری ئەو بوارە پۆلیسە، بەڵام دادگاكان لە پەناوە هەڵیاندەسووڕێنن. عەقڵیەتی دادگا و دادوەر بەسەر پۆلیسدا زاڵە. ئەوەش بەتوندی بە تاوانەوە بەستراوەتەوە. پۆلیس تاوان لە كات و شوێنی خۆیاندا كۆنترۆڵ دەكات. تۆماری دەكات و بەڵگەكان كۆدەكاتەوە و دەیباتە بەردەم داوەر( ئەوە دیوە ڕواڵەتیەكەی سیستەمەكەیە) دیوە ڕاستەقینەكەی، مەبەستم دیوە كرداریەكەی تەواو جیاوازە.

- هەموو كێشەیەك لە خاڵێكی بچووكەوە دەست پێدەكات، وەك ئەو هێلكۆكەی دواتر دەبێتە منداڵێك. كێشەیەكی بچووك دەكرێ لەگەڵ دەستپێكردنی بە ئاسانی چارەسەر بكرێت.
- كێشەكە گەورە دەبێت و لە بازنەیەكی بچووكدا ئاشكرا دەبێت، خەڵكانی دەوروپشت بەپێی توانا هەوڵی چارەسەری دەدەن.
- دواتر لە دەسەڵاتی ئەوانیش دەردەچێ. لێرەوە پێویستی بە بەشداریی خەڵكانی شارەزایە، خەڵكانی دڵسۆز و زانا.

شاردنەوەی كێشەكان و پۆلیس
- لە كولتووری گشتیدا دەڵێت: ”وەك شاهیدیش ڕێت نەكەوێتە لای دادگا و پۆلیس“
- پۆلیسیش لە پەناوە هەر وا ئامۆژگاریی خزم و دۆستانی دەكات.
- تووشی دادگا بن لە دەستی حاكم ڕزگارتان نابێت.
هەموو ئەو دەربڕینانە ترس و سزایان تێدایە. وەك ئەوەی دادگا و پۆلیس تەڵە بن و خەڵك حەیوانەكێوی بن و پێیانەوە بن.

قۆناغەكانی كێشەكان
- ئەو كێشانەی لەناو خێزاندان، ئەگەر ترس لە پۆلیس و شێوازی مامەڵەی دادگاكان نەبێ دەشێ زۆر بەئاسانی و بە چەند ڕاوێژ و لێك تێگەیشتنێك چارەسەر ببن، بەتایبەتی كێشەی نێوان ئەندامانی خێزان، كوڕ و باوك، كچ و كەسوكاری. بەڵام تا ئێستا هیچ كەس كێشەیەكی بێزاركەر یان هەستیاری خۆی لەگەڵ خێزانەكەی بردووەتە لای پۆلیس؟ بیگومان نەخێر، بێگومان هیچ كەس بوێریی ئەوەی نییە بیر لەو هەموو گومانانە بكاتەوە كە پۆلیس دەیخاتە سەر دۆسیەكەی.

ئەوە هیچ كە ڕووی نەداوە دادگا و پۆلیس پێش لە ڕوودانی كارەساتێك بگرن، بەڵام سەدان جار ڕووی داوە كە خەڵكیان تووشی كارەسات كردووە.

نموونەی ڕاستەقینە:
- (كەسێك دەكوژرێ و كەسوكاری سكاڵا لەسەر كەسێك دەكەن و پۆلیس دەگاتە ئەو ئەنجامەی كە بەڵێ ئەو كەسە تاوانبارە. دادگا ماوەی سێ ساڵ بێنەوبەرە بە دۆسیەكە دەكات و لەو ماوەیەشدا كابرا ناگیرێت. لەو ماوەیەدا براكانی كوژراوەكە هەست بە سووكایەتی و ئیهانە دەكەن كە بكوژی براكەیان بەسەربەستی دێت و دەچێ. ڕۆژێك برایەكیان لە شەقامێكی قەرەباڵغ بكوژەكە دەبینێ و غیرەتی دەجووڵێ و تەقەی لێ دەكات و دەیكوژێتەوە. كارەكە بەوە ناوەستێ، لەو نێوانەدا پیاوێكی بێتاوانی دیكەش دەكوژرێ و گەنجێكی دیكەش بەسەختی بریندار دەبێت دواتر سەقەتیش دەبێت. برا تەقەكەرەكە چەند مەترێك ئەولاتر خۆی ڕادەستی پۆلێس دەكات)

- كەسێك كوژراو بە ئازادی سووڕایەوە.
- برای كوژراوەكە لە سكاڵاكارەوە بوو بە بكوژ.
- كەسێك كە ئاگای لە بابەتەكە نییە، دەكوژرێ و منداڵەكانی هەتیو دەبن و ژنەكەی سەرگەردان.
- كەسێكی دیكە سەقەتە و بووەتە دەرۆزەكەر. (پۆلیس و دادگا لەو ڕووداوە بەرپرسە)

ئەوە جگە لەوەی كە:
- چەندان كەس كە دۆست و خزمی ئەوانەن دڵیان شكاوە و داغان بوون.
- چەندانیان لە پۆلیس و دادگا بێئومێد بوون.
-چەندانیان تووشی خەمۆكی بوون.

ئەنجام
لەو ڕووداوەدا كێ خەتابارە، فەرامۆشكاریش جۆرێكە لە خەتا. كێ بە بەرنامە بكوژی پێگەیاند؟ سەر شەقام و چایخانەكانی شاری كردە گۆڕەپانی تۆڵەكردنەوە؟ كێ ئەمانەتی شار و ئاسوودەیی خەڵكی شێواند، لەو دوو كەسە قوربانییە نا، لە هەموو ئەوانەی لەوێ بوون؟
- دەكرێ ئەوە وەڵامدانەوەیەكیش بێت، بۆ هەموو ئەو ڕووداوی كوشتنانەی ڕۆژانە لە شار و گوند و شارۆچكەكاندا ڕوو دەدەن.
- ڕۆژانە دەبیستین، خزمەكانی فڵان گوند لەسەر كێشەی زەوی چەندان كەسیان لە یەكتر كوشت.
- لە سەر قەرزداری دوو كەس كوژران.
- بەهۆی كیشەی كۆمەڵایەتییەوە دوو كچ كوژاران.

دەیان هەواڵی دڵتەزینتر ڕۆژانە دەبیستین. كە دوو هۆیان لە پشتەوەیە:
یەكەمیان: كێشەكە لای دادگا و پۆلیس بووە، بەهۆی ڕۆتین و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتی یاساوە پشتگوێ خراوە و دواتر لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەوان بۆگەنی كردووە و كارەساتی بە دوای خۆیدا هێناوە.

دووەم: دادگا و پۆلیس نەیانتوانیوە متمانەی كۆمەڵگە بۆ دەزگاكانیان مسۆگەر بكەن و خەڵكی بە هۆی ئەو ئەزموونە خراپەی لەسەریان هەیەتی، لەجیاتی پەنابردن بۆ دادگا، پەنایان بۆ توندوتیژی بردووە. بەنیازی خۆی مادام دەسەڵاتی دادگا حەقی ناپرسێ ئەو بە دەستی خۆی مافی خۆی دەستێنێ.

- ڕاستە بەو كارە خەڵكی تووشی كارەساتی گەورەتر دەبن، بەڵام لە كۆتاییدا ئەوە دادگا و پۆلیسە بە هۆی لەدەستدانی متمانەوە كۆمەڵگە تووشی ئاڵۆزی و سەرلێشێوان كردووە.
ئەم بۆچوونەم، پاساوهێنانەوە نیە بۆ ئەنجامدانی تاوان، بەڵكوو دەخوازم، متمانە دروست بێت و كارەكان باش بەڕێوە بچن.