دەستەی تەندروستیی سویدی رایدەگەیەنێت، 80 هەزار هاووڵاتیی وڵاتەکەی بە پێکوتەی دژەکۆرۆنا کوتراون.
ئەمڕۆ سێشەممە 12-1-2021، دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، تا ئێستا سوید 160 هەزار بڕ پێکوتەی فایزەری ئەمریکی پێگەیشتووە و نیوەی ئەو بڕەش لە کوتانی هاووڵاتییان بەکار هاتووە.
هەروەک دەستەکە رایگەیاندووە، لە هیچ ناوچەیەکی سوید کاریگەریی نەرێنیی پێکوتەکە تۆمار نەکراوە.
حکوومەتی سوید بڕیاری داوە لە قۆناغی یەکەمدا، کە لە 27-12-2020 دەستی پێکردووە، تەنیا ئەوانەی لە خانەکانی پیران نیشتەجێن یان فەرمانبەری ئەو خانانەن، بە پێکوتەی فایزەر بکوتترێن.
تا ئێستا 489 هەزار و 471 کەس لە سوید، کە ژمارەی دانیشتووانی 10 ملیۆن کەسە، تووشی ئەو پەتایە بوون و لەو ژمارەیەشدا، نۆ هەزار و 433 کەس گیانیان لەدەست داوە.