دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی كەركووك بۆ كورتە فیلم دوا خرا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی كەركووك بۆ كورتە فیلم دوا خرا

بڕیار بوو رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە، دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی كەركووك بۆ كورتە فێلم بەڕێوە بچێت، بەڵام فێستیڤاڵە بۆ كاتێكی نادیار دوا خراوە و سەرۆكی ڤێستیڤاڵەكەش هۆكارەكەی دەخاتە ڕوو.
ئەمڕۆ سێشەممە 12/1/2021، سەردار زەنگەنە، سەرۆكی دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی كەركووك بۆ كورتە فیلم، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بڕیار بوو رۆژانی 13 و 14ی ئەم مانگە، واتا سبەی و دوو سبەی لە هۆڵی سەنتەری رشنبیری كەركووك، دووەمین فێستیڤاڵی سنەمای نێودەوڵەیی كەركووك بۆ كورتە فیلم ساز بکرێت، بەڵام لە پڕ دوێنێ بڕیار درا كە سەنتەری رۆشنبیریی كەركووك بۆ ماوەیەكی نادیار داخراوە و هیچ جۆرە چالاكییەكی تێدا ناکرێت، ئیتر من قسەم لەسەر ئەوە نییە كە ئەو سەنتەرە بۆ و كێ دای خستووە، بەڵام بەڕاستی ئێمە گورزێكی گەورەمان بەركەوت، بۆیە ئەمڕۆ بڕیارمان دا كە فێستیڤاڵەكە بۆ كاتێكی نادیار دوا بخەین".

گوتیشی: "ئێمە هەموو ئامادەكارییەكمان كردبوو بۆ ئەو فێستیڤاڵە و تێچوویەكی زۆرمان خەرج كردووە و دەاوەتنامەمان بۆ هونەرمەندێكی زۆر ناردووە، كەچی ئێستا ئەو سەنتەرە داخراوە و ئێمەش بە ناچاری فێستیڤاڵەكەمان دواخست و ئەمە دووەم جارە كە ئەو فێستیڤاڵە دوا دەخرێت ماوەیەك پێش ئێستاش بەهۆی بڕیاری نوێی شانەی قەیرانەكانی كەركووك كە بڕیاریان دا كۆبونەوە و چالاكی ڕابگیرێت و ئەمجارەش بەهۆی داخستنی ئەو سەنتەرەوە ئەوەش ئێمەی زۆر نیگەران كردووە".


رۆژی یەكشەممەی رابردوو دوای ئەوەی فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی سەردانی كەركووكی كرد و پاشان لەناو هۆڵی سەنتەری رۆشنبیریی كەركووك بەهۆی ساڵیادی كوژرانی قاسم سولێمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس چالاكییان بەڕێوە برد و پاشان بەسەر ئاڵای ئەمریكا و ئیسرائیلدا رۆشتن، دوێنێ بڕیار درا كە بۆ ماوەیەكی نادیار هیچ چالاكییەك لەو سەنتەرە رۆشنبیرییە بەڕێوە نەچێت و باس لەوە دەكرێت ئەو بڕیارە لەسەر فشاری كونسوڵخانەی ئەمریكا بووە.