ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، کارکردن لە شەش هەزار پرۆژەی گەورە و بچووک لە عێراق، وەستاوە.
حەیدەر مەجید، گوتەبێژی ئەمیندارێتییەکە بە رۆژنامەی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، بەشێک لەو پرۆژانە بەهۆی وەستانی کارکردن تێیاندا، تێکچوون و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
حەیدەر مەجید هەروەها رایگەیاندووە، لە ساڵی 2014ـەوە کارکردن لە شەش هەزار و 250 پرۆژەی گەورە بچووک لە سەرانسەری عێراق وەستاوە و حکوومەتی ئێستای عێراق هەوڵ دەدات ئەو پرۆژانەی %70 تا %80یان تەواو کراوە، بەگەڕیان بخاتەوە.
گوتەبێژی ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە تەواوکردنی هەردوو پرۆژەی بەندەری فاو و شەمەندەفەری بەغدا، لە کارە لەپێشینەکانی حکوومەتی عێراق دەبێت.